بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند ، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق رەت دەکەینەوە و داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت.
فارسیۆنە کوردستانییەکان لە بەیاننامەکەدا ڕایدەگەیێنن: دوای دەیان کۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و فراکسیۆنەکانی دیکەی عێراق و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راست کردنەوەی ئەو نادادپەروەرییەی لە بودجەی 2018 بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کراوە لە کەم کردنەوەی رێژەی 17%، مووچەی هێزی پێشمەرگە و راست کردنەوەی دەستەواژە نادەستوورییەکان بەڵام بەداخەوە زۆرینەی داخوازییەکانی ئێمە جێبەجێ نەکران و بەهەند وەرنەگیران و وەکوو هەمیشە ئەمڕۆیش سیاسەتی زۆرینە و پەراوێزخستنی توێژێکی گرنگی عێراق، دەستیان کرد بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە بودجەکە و تەنانەت چاوەڕێی ئەوەش نەکرا کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بکرێت و گفتوگۆ بکرێت لەسەر داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم پڕۆژەیاسایە رەت دەکەینەوە داوا دەکەین سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان، هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەدەنگ بێن بەرامبەر ئەو ناعەدالەتییەی کە بەرامبەر بە گەلەکەمان دەکرێت و ئەو سیاسەتە هەڵەیە راست بکرێت ئەگینا تەواوی گەلانی عێراق زەرەرمەندی یەکەمی ناکۆکییەکان دەبن.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 6013
Your Comment