نەبوونی یەکێتی بۆتە هۆکاری دزەی دوژمنان

بەشی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی باڵای هەرێمی کوردستان وتی: هەمیشە دەبێ هەست بەوە بکرێت کە یەکێتی چەندە پێویست و گرینگە. ئەوڕۆکە گوێڕایەڵ نەبوون بۆ بانگەشەکارانی یەکێتی بۆتە هۆکاری دزەی دوژمنان و مونافیقان لەناو موسوڵماناندا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباح بەرزنجی لە کۆڕبەندی دەوری زانایانی ئایینی لە یەکێتیی ئۆمەتی ئیسلامی لە ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای وڵات باسی لەوە کرد لە ئێستادا یەکێتیی سیاسی، ئابووری، فیکری و کۆمەڵایەتی لە گرینگترین پێداویستییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامییە و دەری‌بڕی: پاساوی زۆر بە یەک گرتنی موسوڵمانان هەیە بەڵام هەندێ لەمپەریش لەم ناوەدا هەیە کە تاوەکوو ئەوانە چارەسەر نەکرێن ئەو یەکێتییەی کە دڵ بگرێت وەدی نایەت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ هەموو سەرەتا ڕووی ڕەخنەکانمان لە خۆمان بکەین و زیادی کرد: گوێ نەدان بە بانگەشەکارانی وەحدەت و یەکێتی بۆتە هۆکاری ئەوەی ئەم هەموو کێشەیەمان تووش ببێت و دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر و بەم شێوەیە ڕێگا لە دووفاقی و دووبەرەکی بگرین.

باسی لەوەش کرد ئەو وڵاتانەی لە جیهاندا ئێستاکە هەوڵی یەکێتی و یەک گرتنەوە دەدەن دەکەونە بەر تەوس و توانجا و کێشەی جۆراوجۆر دەخرێتە بەر دەمیان تاوەکوو تەرکیزیان لەسەر مەبەست و ئامانجەکەیان نەمێنێت.

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق پاشان ئاماژەی بە دەوری زانایانی ئایینی کرد لە بەرنگار بوونەوەی ڕەوتی تەکفیر و ڕای‌گەیاند: زانایانی ئایینی لەمبارەوە دەورێکی گرینگ و حەیاتییان هەیە. ئەحکامی ئیسلامی هەموو بۆ ئاشتیی جیهانییە و هەمیشەش لەسەر ئەو خاڵە جەختی کردۆتەوە.

سەباح بەرزەنجی باسی لەوەش کرد کێشە و ناکۆکیی نێوان ئایینزا و مەزەوەکان دەبێ هەر لە نێوان زانایاندا چارەسەر بکرێت و لە شوێنە گشتی و مینبەرەکاندا باسی لێوە نەکرێت چوونکە ناکۆکی و تەنگژەی نێوان ئایینزاکان کێشەی زۆری لێدەبێتەوە و پاشان دەری‌بڕی: دەبێ دوورەپەرێزی بکەین لەو باسانەی دووفاقی و دووبەرەکیی لێدەبێتەوە. دەبێ ئاسایشی فیکری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئامادە بکەین و لە ڕێگای ئەمنیەتی ئابووریشەوە جیهانی ئیسلام بگەشێنینەوە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12044

Your Comment

You are replying to: .
captcha