به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شاهۆز حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) پێی وایه تورکیا ده‌یه‌وێت به ته‌واوه‌تی کورده‌کان له ناوچه‌ی عه‌فرین له باکووری ڕۆژئاوای سووریا بکاته ده‌ره‌وه و دیکه‌ی ئیتنیکه‌کانی له جیاتی ئه‌وان نیشته‌جێ بکات.
حه‌سه‌ن له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئهحوالدا وتی: "مانگێک له هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین تێده‌په‌ڕێت و هه‌موو جیهان ده‌زانن هێزه‌کانی تورکیا چلۆن هێرش ده‌که‌نه سه‌ر عه‌فرین. تورکیا ده‌یه‌وێت ئیتنیکه‌کانی دیکه له جیاتی کورده‌کانی عه‌فرین نیشته‌جێ بکات، بۆیه ده‌بێ هه‌ڵوێستێکی نێوده‌وڵه‌تی دژی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته بگیردرێته به‌ر... تورکیا هه‌وڵ ده‌دات بچێته ناو خاکی باکووری سووریا و داگیری بکات."
ناوبراو به‌پێچه‌وانه‌ی ئیدعای به‌رپرسانی تورکیا، هێرشه‌کانی تورکیای دژی کورد زانی و زیادی کرد: "ئه‌گه‌ر دوژمنی کورد نین بۆچی هێرش ده‌که‌نه سه‌ر کورده‌کان؟ ته‌نانه‌ت یه‌ک گولـله‌ش له عه‌فرینه‌وه به‌ره‌و تورکیا نه‌هاوێژراوه، به‌ڵام تورکیا به‌رده‌وام درێژه ده‌دات به کوشتنی خه‌ڵکی سڤیل و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو سنووره‌کان تێپه‌ڕێنێت."
هاوسه‌رۆکی PYD ڕایگه‌یاند: پارته‌که‌ی ئاماده‌یه له باره‌ی داهاتووی سووریا و سیسته‌می فیدڕاڵ دیموکراتیک له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی سووریا دانوستاندن بکات و زیادی کرد تورکیا فیدڕالیزم سووریا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا ده‌بینێت و دژی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه.
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: "ئێمه له سه‌ره‌تاوه وتمان PYD بۆ سووریایێکی دیموکراتیک و فیدڕاڵ شه‌ڕ ده‌کات. ئێمه ئاماده‌ی دانوستان بووین به‌ڵام دیکه‌ی لایه‌نه‌کان ئاماده نه‌بوون. پڕۆژه‌ی فیدڕالیزم له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ لایه‌نه‌کاندا نییه، به‌تایبه‌ت تورکیا. تورکیا فیدڕالیزم و دیموکراسی له هیچ شوێنێکدا قبووڵ ناکات، نه له سووریا و نه له تێکڕای ناوچه‌که‌دا. ئێمه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا هێزمان هه‌یه و بۆ ئاشتیش ئاماده‌ین."
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی "احوال"
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment