کوردپرێس- ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری جانکلییەوە بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی ڕایگەیاندووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەژمونیی عەرەبی بەسەرەوەیە، بەڵام ئەو هێزە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دایە.
لە بەرامبەردا ماتیس ڕوونی کردوووەتەوە، سەرباری ناکۆکییەکان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا بەردەوام دەبن لە هاریکاری کردنی یەکتر سەبارەت بە سووریا.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لەو بڕوایەدایە بەم نزیکانە دەگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، بەڵام لە هەمان کاتدا ناکۆکیش هەیە، کە وات لێدەکات پەنا بۆ بژاردەی خراپ ببەیت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و سیمایێکی کوردیی بەسەردا زاڵە، چوونکە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهێنەر و هێزی سەرەکییەتی و لەڕووی سەربازییشەوە ئەوان بەڕێوەی دەبەن.
هەر ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیێکدا بڵاوی کردەوە، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆبوونەوەیێکدا لەگەڵ نوورەدین جانکلی هاوتا تورکییەکەی، داوای کردوووە ئەنقەرە هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بە ئاراستەی دژایەتی کردنی داعش لە سوریا، وەک ئاماژەیێک بۆ هێرشەکانی تورکیا لە عەفرین.
Your Comment