بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ڕۆژی هەینی دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە وەڵامێکە بۆ رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، بەو پێیەی رۆژێک پێشتر ئەو رێکخراوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە بە ناونیشانی (كوردستانی عێراق لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی دەستگیر كراوان).
بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان "لە سێ ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە رێكخراوی داعشەوە دوو هەزار و 652 كەس دەستگیر كراون، لەوانە هەزار و 100 كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساخ بۆتەوە و سزادراون و سزاكەشیان زیندانی بوووە لە نێوان سێ ساڵ تا وەکو هەتاهەتای و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە، هەروەها 870 كەسیان ئازاد كراون دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە بێ تاوانن و 672 كەسیشیان لە ژێر لێكۆڵینەوەدان".
راگەیێندراوەکە جەخت دەکاتەوە کە لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئهو یاسایه تا 16ی جووڵای 2016 كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەکرێت.
دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی هیومان ڕایتس وۆچ دەداتەوە سەبارەت بە کۆمەڵکوژی گیراوانی داعش.
رۆژی 8/2/2018 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە بە ناوی (كوردستانی عێراق لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی دەستگیركراوان) سەبارەت بە چارەنووسی ژمارەیێک لە دەستگیركراوی داعش لە رۆژئاوای دیجلە و چەند تۆمەتێک دەخاتە پاڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە ئەنجامدانی.
لەم بارەوە دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە دەستگیركراوانی داعش كە لە زۆربەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسیان لێوە دەكرێت، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەوە روون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە وەک هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بە یەكسانی بەپێی پرەنسیپی تۆمەتبار بێ تاوانە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.
زێباری هەروەها وتی: هەر کاتێک دەستگیرکراوان تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاری كردنی داعشیان بەسەردا ساغ بووەوە، ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگادار دەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەک سەردانی كردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبووەوە.
لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئهو یاسایه تا 16/7/2016 كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموار کراو دەکرێت.
لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی هێزی پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان پشکنینێکی زۆر ئاساییان بۆ کراوە بە مەبەسی دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی.
دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی دووبارە پیاوەکان دەپشکێندرێن و بە هیچ شێوەیێک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نەدەدرا بەهۆی ڕەچاو کردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ئافرەتە راگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە.
لە پشکنینی یەکەم زانیاری لە خودی ئەو کەسانە وەرگیراوە کە ئاوارە دەبن و روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن یاخود خۆیان دەربارەی ئەو کەسانە قسە بۆ لایەنە ئەمنییەکان دەکەن کە پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆریستی داعشەوە هەبوە. لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسەکان دەکرا، ئەگەر کەسێک گومانلێکراو بوو ئەوە بە پشتبەستن بە زانیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک موختاری گەڕەک و عەشایرەکانی ناوچەکە ئەو زانیارییانەی دەست لایەنە ئەمنییەکان کەوتوون جەختیان لە سەر دەکرێتەوە و ئینجا گومانلێکراو دەستگیر دەکرێت.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و 652 كەس دەستگیر كراون بە تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لەوانە هەزار و 100 كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بۆتەوە و سزا دراون و سزاكەشیان زیندانی بوە لە نێوان سێ ساڵ تا هەتاهەتایە و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە، هەروەها 870 كەسیان ئازاد كراون دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە بێ تاوانن و 672 كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
زێباری سەبارەت بە چارەنووسی دەستگیر کراوانی داعش دوای 16ی ئاکتهوبەر وتی: تا رۆژی 16-10-2017 هیچ بەندکراوێک لە ئاسایشی کەرکووک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئاوارەکانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگار کردنی حەویجە دەهاتنە دبس خۆیان رادەست دەکرد و زۆربەیان داعش و هەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو.
دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە هیچ گرتووخانەیێک لە کەرکووک نەبوووە و لایەنە ئەمنییەکان ئەرکیان تەنیا هاریکاری کردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەکە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری کەرکووک بوو جێبەجێ کرا و هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیاریێتی پرۆسەی گواستنەوەکەیان لە ئەستۆ گرت.
لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر لە کاتی دەستگیر کردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە لێ دەکرێت و ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانی کردن و بوونی پارێزەر هەروەها کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنیان ئاگادار دەکرێنەوە، بەڵام شێوازی دەستگیر کردنی ئەمانە جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە، بەڵکوو لە کاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان ئیعتیرافیان دەکرد کە سەر بە داعشن و خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردوووە و خێزانەکانیان گواستراونەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە یان جدعە کە دەکەونە ژێردەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە.
لە بارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرکووک دەستگیر کراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش زێباری رایگەیاند کە لە دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکووک لە سەرەتاى شەڕى تیرۆرەوە دەستگیرکراونی داعش بەم شێوەیە بوووە:
لە ساڵى (2014) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (115) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵى (2015) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (182) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵى (2016) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (83) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵى (2017): ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (19) دەستگیر کراو بوون.
ئەو کەسانەى کە تا وەکوو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان بەم شێوەیە بوووە:
لە ساڵى (2014) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (33) کەس بوون.
لە ساڵی (2015) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (78) کەس بوون.
لە ساڵى (2016) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (20) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2017) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (شەش) کەسن.
ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچوووە:
لە ساڵى (2014) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) کەس بوون.
لە ساڵی (2015) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (23) کەس بوون.
لە ساڵی (2016) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەم ساڵى (2017) هیچ کەسێک سزای بۆ دەرنەچوووە، بەڵام (36) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.
دیندار زێباری باسی لە ڕادەست کردنەوەی گیراوانی داعش بە حکوومەتی فیدراڵ کرد و وتی: سەبارەت بە دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان بە کاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیر دەکرێن و ڕادەست کردنیان بە حکوومەتی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی فیدراڵیش بکات سەبارەت بە رادەست کردنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و لەم رووەوە کۆمیتەکەمان لە سەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یۆنامی لە هەماهەنگیی بەردەوامدان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون و لەم رووەوە کۆبوونەوەکان بەشێوەیێکی خولی بەردەوامە و تا ئێستا سێ وەجبەی دەستگیرکراوانی داعش ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کراون و نزیکەی (١٠٠) کەیسیش ڕادەستی دادگای مووسڵ کراون.
سەبارەت بە ڕووداوەی كە لە ناوچەی زوممار روویدا زێباری وتی: رۆژی 28/8/2017 كاتژمێر (11)ی بەیانی لە ناوچەی سەهل ئەلمالح لە زوممار، هێرشێكی خۆكوژی لە لایەن تیرۆریستێكەوە ئەنجام درا، بەر لە ئەنجام دانی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندا كە رێگا لە تیرۆریستەكە بگرن بۆ ئەوەی كردارەكە ئەنجام نەدات بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە و ئەو خێزانە ئاوارانەی كە لەوێ بوون، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵەكانیان تیرۆریستەكە خۆی تەقاندەوە و بووە هۆی شەهید بوونی پێشمەرگەیێک و بریندار بوونی ژمارەیێكی تر، لەو كاتەوە و لە ترسی روونەدانی هێرشی دیكەی هاوشێوە، هێزەكانی پێشمەرگە داوای پشتیوانی زیاتریان كرد و خێزانە ئاوارەكانیشان لە قوتابخانەیێک كۆ كردەوە بۆ پاراستنی گیانیان تاكوو ناوچەكە سەقامگیر و ئارام دەبێت.
زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ماوەی جەنگی داعشدا پێشمەرگە چاودێری هاتوچۆی تیرۆریستانی داعشیان دەكرد بۆ رێگا گرتن لە راكردنیان لە ناوچەی نێوان حردان و راعی و جۆلات بە درێژایی 71 كیلۆمەتر بوو، لە ماوەی سێ ساڵەی جەنگی داعش ژمارەیێکی زۆریان لەو ناوچەیە کوژراون لەوانە هەندێکیان هێرشی خۆکوژییان دەکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هەندیکی دیکەشیان بە نیازبوون روو بکەنە سووریا و پێشمەرگە هەوڵی دەدا رێگرییان لێ بکات و بەشیکی دیکەشیان کە بە نیاز بوون خۆیان رادەستی پێشمەرگە بکەنە لە پشتەوە لە لایەن خودی داعشەکانەوە کوژراون هەرچەندە ئامانجی تیرۆریستانی داعش گەیاندنی زۆرترین زیانی گیانییە بە هێزەكانی پێشمەرگە و بڵاو كردنەوەی ترس و تۆقاندن لە رێگای كردارە خۆكوژییەكانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزی پێشمەرگە هەوڵی نەداوە كاتێک گەمارۆ درا بن تەنیا لە حاڵەتی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كرداری خۆكوژی شەڕی لەگەڵیان كردوووە و لەم جەنگانەشدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید بوون و دەیان تیرۆریستیش كوژراون، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا لاشەكان هێنراون بۆ ئەوەی بە شێوەیێكی رێكوپێک بنێژرین.
لە كۆتاییدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: سەبارەت بە گواستنەوەی ئاوارەكانیش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی و لیژنەیێكی تایبەت لە پارێزگای مووسڵ سەرپەرشتی گواستنەوەیان دەكات، لەم بوارەوەش ژمارەیێكی زۆریان گواستراونەتەوە كەمپەكانی گەیارە و حەمام ئەلعەلیل كە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدان و ئاوارەکانی ناوچەی زووماریش لە چوارچێوەی ئەوانەن، بۆیە حەشدی شەعبی بەرپرسە لە هەر ڕووداوێكی بێسەروشوێن بوون كە لەو كەمپانەدا ڕوو بدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشمەرگە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ پاراستنی گیانی ئاوارەكان و دەستگیركراوانی داعش.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment