بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باس لەوە دەکات ئەو وەزارەتە ڕاپۆرتێک بریتی لە ١٣٨ لاپەڕە لە دواهەم چوار مانگی ساڵی ڕابردووی زایینیی ئاراستەی کۆنگرەی ئەمریکا کردوە کە ناوەرۆکەکەی سەبارەتە بە هەوڵ و داپەڕی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و ناوچەی ئاسیای پاسیفیک. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە سەرەڕای ئەوەی داعش لە کۆتا ڕۆژەکانی خۆی نزیک بۆتەوە و هەروەها سەرەڕای تەنگژەی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە هێزی کوردی سووریا، کوردەکان لە سووریا و عێراق هێشتاکەش لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەوڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ هێشتاکەش چەک و جیهازاتی سەربازی بۆ سوپای سووریای دیموکراتیک و گرینگ ترین بەشی سەربازیی ئەو هێزە واتە یەپەگە دەنێرێت کە کوردن و تورکیا بە تیرۆریست و لقی سووریای پەکەکەیان دەزانێت و داواشی لە واشنتۆن کردوە واز لە پشتیوانیی سەربازییان بهێنێت. بەڵام ئەمریکا یەپەگە بە عازاترین هاوبەشی خۆی لە شەڕی دژە داعش ناو دەبات.
پێنتاگۆن بۆ ساڵی نوێی دارایی کە لە سەرەتای ئۆکتۆبێرەوە دەستی پێکردوە داوای کردوە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ یارمەتی و پشتیوانیی هێزە دژبەرەکانی حکوومەتی سووریا و لەوان یەپەگە تاوەکوو ئەو هێزانە لە ڕوانگەی چەک و جیهازاتەوە تەیار بکات.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە سەرەڕای داواکارییەکەی تورکیا پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کوردەکانی سووریا هێشتاکەش بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییێک لە پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئەمریکا وەدینەهاتوە و کاربەدەستانی کوردی سووریا داوایان لەو وڵاتە کردوە لە سووریا نەکشێتەوە چوونکە دابەزینی هەژموونیی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە ئەگەری گەڕانەوە و سەرهەڵدانەوەی داعشی بەدواوە دێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە پێشمەرگەش کراوە و هاتوە کە سەرەڕای کۆتاییی بەڵێنی ئەمریکا بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە لەمانگی جوولای، پێنتاگۆن لە مانگەکانی پاش ئەو مانگەش دەستی داوەتە ڕاهێنان و مەشقی ٢ هەزار هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و داوای لە کۆنگرە کردوە لە ئەگەری واژۆی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ ئەو کارە تەرخان بکات.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment