بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێ شەممە، مامۆستایانی ناڕازی چوونە بەردەم نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی، و داوای پێدانی مووچەکانیان کرد لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.
مەسعود حەیدەر ، ئەندام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیاند " ئەوەندەی قسەمان وەرگرتووە عەبادی بەڵنیداوە کە مووچەی سەرجەم وەزارەتە مەدەنییەکان سەرف بکات ، بەڵام بۆ سەرف کردنی مووچەی پەروەردە، و تەندروستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری لێکردووە".
ناوبراو وتیشی: ئەگەر مووچەی ئەو دوو وەزارەتە بدرێت پێدەچێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووچەی وەزارەتەکانی دیکە بدات، و لە توانایدابێت ، ھەرچەندە حەیدەر عەبادی وتوویەتی ئەمەوێت بە بەردەوامی مووچە بدەم".
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ھەفتەی داھاتوو، کارەکانی وردبینی تەواو دەبێت، بەڵام ئەوەش پێوەرنییە و ئێمە فشار دەکەین کە لە ماوەیێکی کەمدا کارەکانی وردبینی کۆتای پێبھێنرێت بۆ سەرف کردنی مووچە.
لە لایێکی دیکەوە ڕێزان شێخ دلێر ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕاگەیاند ھەتا ھەرێمی کوردستان دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کەرتی نەوت ڕادەست نەکات، عەبادی ئامادە نابێت مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، و ھەتا ئێستا بە کرداریی ھەرێم ئەو ھەنگاوەی نەناوە.
ڕێزان شێخ دلێر وتیشی عەبادی کەسێکی ڕاستگۆ نییە ، تەنانەت داوا کراوە ڕێژەی %١٢ مووچە و بودجەش بدات، ھیچ ئامادەییێکی نیشان نەداوە و تەنھا فەرمانی دابەش کردن و ناردنی مووچە لە دەستی ئەودایە.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment