بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پرۆگرامی یەکێک لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی نزیک لە ئاکپارتی چەند جارێک هێرشی کردە سەر ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەی کردە ئامانج، هەدەپە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامیدایەوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی هەدەپەدا هاتووە: "سولەیمان سۆیلو لە درێژایی پرۆگرامەکەدا بە رق و کینەیێکی زۆرەوە بەرامبەر پارت، پەرلەمانتار و دەنگدەرانمان و ئۆپۆزیسیۆن قسەی کرد. خەڵکی تورکیا شایستەی پرۆگرامی وەها ئاست نزم نین. ئەو پرۆگرامە کە پڕبوو لە درۆ و تۆمەت هەڵبەستن، بە شەرمەزارییەوە دەچێتە مێژووەوە".
هەدەپە ڕەخنەی تووندیشی ئاراستەی ئەو کەناڵە کرد کە لەمیانی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چارەسەری و کۆبوونەوەکانی ئاکپارتی و هەدەپە لەمبارەیەوە، وێنەی شاندی هەدەپەی خستە سەر شاشە. بە بۆچوونی هەدەپە ئەوە بۆ ورووژاندنی هەستی خەڵک دژی پارتەکەیان کراوە.
هەدەپە لە راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت: "پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکمان و ئەو پەرلەمانتارانەمان بە مەبەستی گەیاندنی نامەی ئیمرالی و دەسەڵات بۆ قەندیل چوونەتە ئەوێ. لە تەواوی ماوەی پرۆسەی چارەسەری بێ زانیاریی حکوومەت، یەک سەردانیش بۆ قەندیل ئەنجام نەدراوە. لە هەموو سەردانێکیشدا لایەنی حکوومەت راپۆرتی تایبەتیان داوەتە ئەردۆغان".
لەبارەی هەڵوێستی ئێستای حکوومەتی تورکیا بۆ سەردانەکانی قەندیل، هەدەپە ئاماژەی بەوە کردووەک "لە بنەمادا هەدەپە هەموو سەردانەکانی پرۆسەی چارەسەریی بە نوێنەرایەتیی ئەوانە کرد کە نەیاندەتوانی بڕۆنە قەندیل. ئەو سەردانانەی ئێمە ئەوکات بە خێر هەژمار دەکران، بەڵام ئێستا سۆیلو ئەو سەردانانە لە خانەی گوناهەکانی ئەردۆغان دەنووسێت. ئەو لەڕێی هەدەپەوە شەڕی دەسەڵات لەگەڵ ئەردۆغان دەکات".
شایانی باسە کۆبوونەوەکانی پرۆسەی چارەسەری زنجیرەیێک کۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی ئاکپارتی و هەدەپە بوون، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئاشتی. هەڵوێستی نەرمی دوولایەنەی ئەنقەرە و قەندیل و کۆبوونەوەکان لەنێوان ساڵانی 2013-2015 بینران، بەڵام دواجار نەگەیشتنە ئەنجام و لێکترازان روویدا و دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment