ڕاگەیێندراوێک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەركەوتنی چەكدارەكانی شاخی بەمۆی نزیک هەڵەبجە بڵاو كردەوە و ڕای‌گەیاند: "گرووپەكە لە ناوبراوەو مەترسی نەماوە".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوەكەدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كردوووە: "هێزەكانی ئاسایش، بەردەوام بوون لە گەڕان و لێكۆڵینەوە لە ناو شار و شارۆچكەكانی گەرمیان، ئەوە بوو ڕۆژی 26ی جانیڤێریی 2018 تونرا تیرۆرست (ش.م) كە برای تیرۆریست (م.م) و دڵشاد باوەنورییە دەستگیر بكرێت".

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ئەو ماتۆرسكیل و چوار ئۆتۆمبێلەش كە لە جۆری تویوتا و مینی‌پاس بوون و چەكدارەكانی داعشیان، پێ گواسترابوونەوە و هاوكاریان كردبوون لە گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان، دەستیان بەسەردا بگیرێت چەند تیرۆرست و گومانلێكراوێكی تریش، دەسگیر بكرێن، كە لە بەر سەلامەتی ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان و بوونی پەڕاوەكانیان لە دادگا، كەسایەتییان پارێزراوە".

ڕاگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم

دوای شكستی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەرچاو ڕوون بوو لە سەر پیلانی نوێی تیرۆریستان بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم، ئەوە بوو بە بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی خێرا پێكهێنرا و دەست بە كۆ كردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون كرا، لە بارەی بڵاوبوونەوەی چەكدارە پەرتەوازەكانی داعش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم.

دوای شەونخوونی و ماندووبوونی كارمەندان و ئەفسەران، بۆ دەزگای ئاسایش ڕوون بووەوە كە تیرۆریستان پیلانیان داناوە دزە بكەنە نێو خاكی هەرێم و حەشارگەی نهێنی دروست بكەن و بیكەنە خاڵی خۆڕێكخستنەوە و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی.

هەر لە سەر ئەو بنەمایە، تەواوی بەڕێوبەرایەتییەكانی ئاسایشی هەرێمی سەر بە دەزگای ئاسایش، پلانی خۆیان دانا و دەستیان بە جێبەجێ كردنی هەنگاوەكانی پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتییان كرد.

ئەوە بوو لە سەر بنەمای زانیاریی ورد، بۆ هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ڕوون بووەوە لەسەر بوونی ژمارەیێک چەكداری نەناسراو كە لە ناوچەی پەڵكانەی نزیک خورماتووەوە جووڵەیان پێكراوە بۆ ناوچەی گەرمیان، بەدواداچوونی ورد كراو ئاشكرا بوو لە ناوچەی بناری بەمۆ چەكدارەكان بینراون.

پاش لێكۆڵینەوە و ڕەزامەندیی دادوەر، بە فەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئێوارەی رۆژی 22ی جانیڤێریی 2018 تەواوی هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان، كێوماڵ كردنی ناوچەكەیان دەست‌پێكرد و توانییان شوێن و حەشارگەی چەكدارە نەناسراوەكان كە ئەشكەوتێک بوو لە نێوەڕاستی شاخی بەمۆ، ئاشكرا بكەن و رووبەڕوویان بوونەوە و دوای ئەوەی داوایان لێكرا ناسنامەكانیان ئاشكرا بكەن و خۆیان ڕادەستی هێزەكانمان بكەن، بەڵام دوای خۆدزینەوەیان ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوە و شەڕ و پێكدادان بۆ ماوەی 30 دەقە بەردەوام بوو.

لیوا نەوشیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ئەوكات رای‌گەیاند: دواتر چەكدارەكان هەڵهاتن و دەستگیرا بەسەر یەک چەک لە جۆری بیكەیسی و چەندین كۆڵەپشتدا و گومانی گرووپی تیرۆرستیی داعشیان لێكرا كە لە ڕاگەیێندراویی رۆژی 23ی جانیڤێریی 2018 دەزگای ئاسایشدا ئاماژەی پێكرا بوو.

پاشان هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان پلانی خۆیان گۆڕی و تەواوی سنوورەكەیان كۆنترۆڵ كرد و لە سەعات 1 شەوی ( 22/23)ی جانیڤیریی 2018 توانرا حەشارگەی چەكدارە گومانلێكراوەكان بگیرێت و دوای هەڵهاتنیان دەست بەسەر دوو چەک لە جۆری كڵاشینكۆف،17 گولەی ئاربیچی و یەک فەردە تیئێنتی و چەندین سندووقی فیشەكی بیكەیسی و ناتۆ و كڵاشینكۆف و قەنناس و چەند روومانەیێک و ئاڵایێكی داعش و ژمارەیێكی زۆری سیمكارت و هاندی مۆبایل و بڕێكی زۆری مەوادی خۆراكیدا بگیرێت.

دواتر هێزەكانی ئاسایش لە سەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە و دەستبەسەرداگرتنی حەشارگەكەیان دڵنیا بوونەوە ئەو چەكدارانەی گومانیان لێدەكرا، داعشن كە هەمان ئەو تیرۆرستانەن كە لە سنووری پەڵكانەوە هاتبوونە بناری بەمۆ. رۆژی 23ی جانیڤێری ئاسایشی گەرمیان هەر یەک لە هێزەكانی ئاسایشی كەلار، كۆكز، جەلەولا، رزگاری باوەنوور، قۆرەتوو، دەربەندیخان،بەمۆ و مەیدان لە ژێر چاودێریی دەزگای ئاسایش جووڵەیان پێكرا و بە دوو ئاراستە پلانی رووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بواری جێبەجێ كردنەوە.

كە لە لایێک كێوماڵ كردن لە ناوچەی بەمۆ و لە سنووری شار و شارچكەكانی گەرمیان دەست‌پێكرد، لە لایێكی دیكەوە هەڵمەتی دۆزینەوە و دەستگیر كردنی شانە نووستووەكانی داعش كە لە ناوچەكە هاوكاری چەكدارە تیرۆریستەكانیان كردبوو.

هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان بە هاوكاری چەند تیمێكی پۆلیسی گەرمیان و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی سەر بە هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، تەواوی ناوچەی بێلولە، شاوازی، مەیدان، شاخی بەمۆ، شاخی شەڕواڵ دڕە كێوماڵكراو لە ژێر چاودێریی هێزەكانمان دابوون و تەواوی رێگاكانیش گیران و پشتێنەیێكی ئەمنی بەهێز دروست كرا.

لە هەمان رۆژ 23ی جانیڤێری چەند تیمێكی ئاسایشی گەرمیان، سەرقاڵی ئاشكرا كردن و دۆزینەوەی شانە نووستووەكانی داعش بوون، ئەوە بوو توانرا تیرۆرست (م.م) كە كوردە و برای گەورەی تیرۆرست (دڵشاد باوەنورییە) لە یەكێک لە ناوچەكانی گەرمیان دەستگیر بكرێت كە هاوكاری چەكدارە تیررۆریستەكانی داعشی كردبوو لە گەیاندنیان بۆ ناوچەی بەمۆ، پاش ئەوەی دۆسیەكەی رووبەڕووی دادگا كرایەوە، لێكۆڵینەوەكان چڕتر كرانەوە و دەركەوت چەكدارانی داعش زۆربەیان كوردن و چەند عەرەبێكیش لە نێویاندایە و ژمارەیان زیاتر لە 20 تیرۆریستە كە لە ناوچەی پەڵكانەوە هاتوونەتە گوندی گۆڕەشە لە سەر چەمی سیروان لە ناحیەی قۆرەتوو و دواتریش چوونەتە چەمی جەید شەهاب و بە دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری توێتا و مینی پاس بە هاوكاری چەند كەسێک كە ماتۆڕسكیلێک پێشڕەوی كردووون، بەڕێكەوتوون بەرەو سنووری گوندی خركنێ لە بناری بەمۆ، دوای دوو ڕۆژ مانەوەیان حەشارگەیان دروست كردوووە و لە سێهەم ڕۆژدا لە لایەن ئاسایشەوە ئاشكرا كران.

تیمەكانی دیكەی ئاسایشی گەرمیان بە هاوكاری چەند مەفرەزەیێكی پۆلیسی گەرمیان و بەرگری و فریاكەوتن، بەردەوام بوون لە كێوماڵكردن و حەسركردنی تیرۆریستان لە شاخی بەمۆ و بەدرێژایی 4 شەو و 4 رۆژ بێ پشوو بەدوای تیرۆریستانەوە بوون و دوای كۆنترۆڵ كردنی تەواوی بناری بەمۆ و مەیدان چەكدارە تیرۆریستەكان ناچار چوونە خاكی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

بۆیە لە لایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بوونی چەكدراكانی داعش ئاگادار كرانەوە كە خاكی ئەو وڵاتەیان بەزاندوووە و بەرچاوڕوونییان كردن لە سەر جموجۆڵەكانیان. ئەوە بوو پاش 24 سەعات میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر زاری لایەنە ئەمنییەكانەوە ئەوەیان بڵاو كردەوە كە دوای شەڕێكی سەخت لە سنووری كرماشان، بناری بەمۆ لەگەڵ چەكدارانی داعش 16 تیرۆریستیان لێ دەستگیر كراون و 5 دیكەیان كوژراون، ئاماژەش بەوە كراوە 3 كەس لە هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنەدا كوژراون.

هێزەكانی ئاسایشی بەردەوام بوون لە گەڕان و لێكۆڵینەوە لە ناو شار و شارۆچكەكانی گەرمیان، ئەوە بوو ڕۆژی 26ی جانیڤێریی 2018 تونرا تیرۆرست (ش.م) كە برای تیرۆرست (م.م) و دلشاد باوەنورییە دەستگیر بكرێت و ئەو ماتۆر سكیل و چوار ئۆتۆمبێلەش كە لە جۆری تویوتا و مینی پاس بوون و چەكدارەكانی داعشیان، پێ گواسرابوونەوە و هاوكاریان كردبوون لە گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان، دەستیان بەسەردا بگیرێت چەند تیرۆرست و گومانلێكراوێكی تریش دەسگیر بكرێن كە لە بەر سەلامەتی ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان و بوونی پەڕاوەكانیان لە دادگا، كەسایەتییان پارێزراوە.

شكست‌پێهێنانی پیلانێكی دیكەی تیرۆرستانی داعش بۆ تێكدانی هەرێم لە كاتێكدایە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو دوو پیلانی دیكەی تیرۆریستان ئاشكرا كران بۆ تێكدانی ئارامیی سلێمانی و دەوربەری ئەندامانی شانە نەنووستووەكانیان دەستگیر كران لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بە هاوكاری بەڕێوەبەراییەتییەكانی دەرەوە، بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان كە دەزگای ئاسایش بەرچاوڕوونە لە سەر چەندین پیلانی دیكەی تیرۆریستان بۆ شێواندنی ئارامیی هەرێم، هەموو ئامادەكاریێكیش كراوە و بۆ رێگەگرتن لە بەدیهێنانی مەرامەكانیان .

لێرەوەشەوە، جارێكی دیكە سوپاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین كە هەمیشە پشت و پەنای هێزەكانی ئاسایش بوون و خەمیان خەمی دەزگای ئاسایش بوووە بۆ پاراستنی ئارامیی هەرێم، بۆیە دڵنیای هەموو لایێک دەكەینەوە بەردەوامین و بە هەموو هەوڵ و توانەیێكمانەوە ئاسایشی هەرێمەكەمان دەپارێزین و ناهێڵین بە پیلانی ناحەزان و دووژمنانی ئازادی، ژیان لە هەرێم تێک بدرێت.

سه‌رچاوه‌: خەندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11200

Your Comment

You are replying to: .
captcha