شیعر و ژیانی نزار قەببانی دەكرێنە كوردی

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر/کوردی- ئازاد بەرزنجی وەرگێڕی كورد، چەند دەقێكی شیعریی نزار قەببانی، شاعیری ناسراوی سووری، بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە و لە دووتوێی كتێبێكدا چاپ و بڵاوی كردەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، كتێبی "خۆشم ئەوێی كاتێک كە من تۆم" جگە لە بەشێک لە شیعرە سیاسی و عاشقانەكانی قەببانی، ژیاننامەكەشی لەخۆ دەگرێ.

ئەم بەرهەمە ئەدەبییە، ئەم قەسیدانە لەخۆ دەگرێت: "بەلقیس"، "نامەیێک لە ژێر ئاوەوە"، "گرێی باران"، "ژنە قاوەگرەوەكە"، "بایۆگرافیی شمشێر وەشێنێكی عەرەب"، "پێنج نامە بۆ دایكم"، "دەستنوێژ گرتن بە ئاوی عیشق و یاسەمین" و چەند شیعرێكی دیكە.

ئازاد بەرزنجی بە (ئەدەب و كولتووری ڕووداو)ی راگەیاند: "بە پێویستم زانی بۆ ئەم هەڵبژاردە شیعرییە، بە كورتی سەبارەت بە ژیان و ئەزموونی ئەم شاعیرە بدوێم كە لە چلەكانی سەدەی ڕابردووەوە پێگەیێكی دیاری لەناو نەخشەی شیعری عەرەبیدا هەبوووە".

گوتیشی: "نزار ئەو شاعیرە بوو كە توانیبووی بە ڕوانینێكی دیكەوە، بە پڕكێشییەوە بەرخورد لەگەڵ مەسەلەی ژن و خۆشەویستیدا بكات و ڕەهەندێكی زیندووتری پێ ببەخشێت. جگە لەوە نزار شاعیرێكی سیاسیش بوو، بگرە سیاسییێكی یاخیش. كەم رووداوی سیاسی هەبووە لە مێژووی هاوچەرخی عەرەبدا ئەو بە شیعر هەڵوێستەی لە ئاستدا نەكردبێ".

نزار تۆفیق قەببانی لە 21ی مارچی 1923 لە دیمەشق لەدایكبووە، لە ساڵانی 1945 تا 1966 وەكوو دیبلۆماتكارێک لە باڵیۆزخانەكانی سووریا كاری كردوووە، دواتر وازی لە كاری دیپلۆماسی هێنا و لە بەیرووت نیشتەجێ بوو. لەوێ خانەیێكی چاپ و بڵاوكردنەوەی بە ناوی "بڵاوكراوەكانی نزار قەببانی" دامەزراند و ژیانی خۆی بۆ شیعر تەرخان كرد.

قەببانی لە 4ی ئه‌یپڕیڵ 1998 لە نەخۆشخانەیێكی لەندەن لە تەمەنی 75 ساڵیدا دڵی لە لێدان كەوت، لەسەر وەسیەتەكەی خۆی، تەرمەكەی برایەوە بۆ دیمەشق و لە "باب ئەلسەغیر" بە خاک سپێردرا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11137

Your Comment

You are replying to: .
captcha