بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ھاکان کاراچای کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد.
لە کۆبوونەوەکهدا ھاکان کاراچای کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر لەگەڵ فەلاح مستەفا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین زانیاری بە ناوبراو دا.
لە دوای کۆبوونەوە داخراوەکە، ھاکان کاراچای لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان ڕایگەیاند: بە مەبەستی زانیاری دان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی لقی زەیتوون بۆ سەر رێکخراوانی تیرۆریستی لە عەفرین سەردانەکەی ئەنجام داوە.
کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر گوتیشی: "تورکیا لە ئێستادا بەرەنگاریی ژمارەیێکی زۆر لە رێکخراوانی تیرۆریستی دەبێتەوە. لە ئێستادا بەرەنگاریی پەکەکە،پەیەدە، یەپەگە و داعش و گشتییان دەبێتەوە. گشت ئەم رێکخراوە تیرۆریستییانە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا. پێداگرین لە سەر بەرەنگاربوونەوەی ئەمانە. ئامانجی لقی زەیتوون، پاک کردنەوەی تیرۆریستانە لە سنوورەکانمان".
ھاکان کاراچای جەختی لەوەش کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتوون بۆ سەر کورد نییە و گوتیشی: "ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانە و لە دژی تیرۆریستان ئەنجام دەدرێت. ھیچ شتێک بۆ سەر خەڵکی سڤیل جێگەی باس نییە و ھەموو جۆرە رێوشوێنێک گیراوەتە بەر".
کاراچای ئاماژەی بەوەش دا کە لە مێدیاکاندا ھەندێک گرتەڤیدیۆ و وێنەی ڕابردووی رووداو و شوێنەکان دەشێوێنن و زیاتر گوتیشی: "ڕاست نەبوونی ئەم وێنانە سەلمێنرا و تاکوو ئێستا ھیچ زیانێک بە خەڵکی سڤیل نەدراوە. گشت ئەو ھەواڵانەی باس لە زیان گەیاندنی خەڵکی سڤیل دەکات، درۆن".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment