٣٠ کانوونی دووەم ٢٠١٨ - ٠٨:٥٩
کەس براوەی شەڕی عفرین نییە/ نوا بۆنسەی

بەشی جیهان- وا دەردەکەوێت لە شەڕی قورسی تورکیا و هێزی کوردی سووریا کەس براوە نەبێت. گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵێك هۆكار لە پشت چەقینی هێرشەكەی توركیاوەیە، لەوانەش عەفرین بە پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی ژێر كۆنترۆڵی یەپەگە، دارستانی زۆری تێدایە، بەشێكی زۆری شاخاوییە و دانیشتوانەكەشی بە چڕی لە ناوچەكەدا بڵاو بوونەتەوە.

کوردپرێس- هێرشی سوپای توركیا و هێزەكانی لایەنگری ئەنقەرە بۆ سەر عەفرین، خەریكە پێ دەنێتە هەفتەی دووەمی خۆی. شارەزایان پێیان وایە لەم شەڕەدا هیچكام لە دوو لایەنە ناكۆكەكە براوە نابن. بۆیەش پرسیاری سەرەكی بۆ ئیدارەی ئەمریكی ئەوەیە چۆن ئەو شەڕەی نێوان دوو هاوپەیمانی خۆی رادەگرێ.

هێرشی توركیا و هێزە لایەنگرەكانی بۆ سەر عەفرین چەقیوە و بەڵێنەكانی بەرپرسانی توركیا بۆ گرتنی خێرای ناوچەكە بە هیچ كوێ نەگەیشتووە. بە حوكمی نەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە و كشانەوەی هێزەكانی رووسیا، ئەنقەرە وا تێگەیشت كە عەفرین لە چاو ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان ئامانجێكی ئاسانتر بێت، بەڵام ئاماژەكان تاوەكوو ئێستا دەری دەخەن لێكدانەوە سەربازییەكان هەڵە بوون.

گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵێك هۆكار لە پشت چەقینی هێرشەكەی توركیاوەیە، لەوانەش عەفرین بە پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی ژێر كۆنترۆڵی یەپەگە، دارستانی زۆری تێدایە، بەشێكی زۆری شاخاوییە و دانیشتوانەكەشی بە چڕی لە ناوچەكەدا بڵاو بوونەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، هەر ئەو هۆكارانەی هێرشەكانی توركیایان خاو كردۆتەوە لە داهاتوودا كێشەی گەورە بۆ توركیا دروست دەكەن، ئەگەر هێزەكانی نزیك لە توركیا بتوانن ئەو ناوچەیە بگرن، چوونكە دانیشتوانی رەسەنی ناوچەكە دژی توركیا و هێزەكانی لایەنگری ئەو وڵاتەن و تۆبۆگرافیای ناوچەكەش زۆر لەبارە بۆ شەڕی گەریلایی، هێزەكانی سەر بە یەپەگەش ئەزموونی چەندین ساڵ شەڕی گەریلاییان هەیە. بۆیە ئەگەر توركیا بشتوانێت ئەو ناوچەیە بگرێت، دەبێت چاوەڕێی شەڕێكی درێژخایەن و ناڕەزایەتی زۆری خەڵكی ناوچەكە بێت، جگە لەمەش شەڕی عەفرین دەكرێت پەكەكە هان بدات چالاكییەكانی لەنێو خاكی توركیا زیاتر بكات.

نوا بۆنسەی، لێكۆڵەری مەیدانی لە گرووپی قەیران، جەخت لەوە دەكاتەوە كە شەڕ ناتوانێت كێشەی توركیا و كوردی سووریا یەكلایی بكاتەوە، بەڵام دەتوانێت زیانێكی زۆر بە هەردوو لایەنی شەڕەكە بگەیەنێ، لەلایێكی دیكەشەوە سەرئێشەیێكی گەورە بۆ واشنتن و ناتۆ دروست دەكات. بۆنسەی پێی وایە "ئەگەر هەموو لایەنەكانی بەشدار لەم كێشەیە ستراتیژیی خۆیان نەگۆڕن، دەكرێت ئەوەی ئێستا روو دەدات ئاماژە بێت بۆ رووداوی خراپتر لە داهاتوودا".

بەبۆچوونی نوا بەشێكی سەرەكی لە گۆڕینی ستراتیژەكە "گەڕانەوە بۆ پرۆسەیێكی بەرفراوانی ئاشتییە لە نێوان توركیا و پەكەكە".

شەڕێکی قورس بەڕێوەیە

هەفتەیێك پێش دەست پێكردنی شەڕەكە، ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاند كە بە نیازە بۆ ماوەیێكی دیارینەكراو لە سووریا بمێنێتەوە. ئامانجێکی سیاسیی سەرەكییش لە پشت ئەو بڕیارەی ئەمریكاوە بوو ئەویش ئەوەیە کە لە شكڵدان بە داهاتووی سیاسیی سووریادا بەشدار بێت، بۆ ئەم مەبەستەش هێزی خۆی بۆ پاراستنی سەنگی دانوستاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆن و حكوومەت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان بەكاربهێنێ.

جەیمز جێفری و دەیڤید پۆڵاك، دوو لێكۆڵەری پەیمانگای واشنتن پێیان وایە سێ هەنگاوی واشنتن دەتوانێت لە لایێكەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەردوو لایەنە ناكۆكەكە بپارێزن و لەلایێكی دیكەشەوە هەرچی زووترە كۆتایی بەو شەڕەی ئێستا بهێنن.

هەنگاوی یەكەم بریتییە لەوەی "هانی پارتی یەكێتیی دیموكراتیك (پەیەدە) بدرێت خۆی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دوور بخاتەوە، لە كاتێكدا پێویستە بیری توركیا بهێنرێتەوە كە پەیەدە تاوەكوو ئێستاش پابەندە بە بەڵێنەكەی 2012ی خۆی كە كەلوپەل نانێرێتە ناو خاكی توركیا بۆ پەكەكە".

هەنگاوی دووەمیان كە درێژخایەنترە، بریتییە لەوەی كەناڵی دانوستاندن لە نێوان پەیەدە و توركیا و پەیەدە و ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریادا بكرێتەوە. جێفری و پۆڵاك ئەوەش دەخەنەڕوو كە پەیوەندییە نهێنییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەموو لایەنە ناكۆكەكانی سووریا دەری دەخات "هەموو لایەنەكان ئامادەییی تاقی كردنەوەی ئەو بژارەیەیان تێدایە".

هەردوو لێكۆڵەرەكە كە ساڵانێك وەكوو دیپلۆماتكار لە ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكادا كاریان كردوووە، جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەنگاوی سێیەم لە دوو هەنگاوەكەی دیكە سەختترە، بەڵام لە هەردووكیشیان پێویستترە. دوو دیپلۆماتەكەی پێشووی ئیدارەی ئەمریكی بە پێویستی دەزانن "دژی هەر چەشنە هەوڵێكی جوداخوازی و فراوانخوازیی هێزە كوردییەكان لە سووریا بوەستنەوە". وەكوو لە بابەتەكەی ئەواندا دەردەكەوێت "ئەمریكا لە عەفرین هیچی پێناكرێت، بەڵام ئەمریكا دەتوانێت متمانە بداتە دۆستە كوردەكانی لە سووریا كە واشنتن رێگە لە هێرشی سەربازیی توركیا بۆ ناوچەكانی پەیەدە لە رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێ".

پۆڵاك و جێفری دەڵێن ئەزموونی پەیوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان نموونەیێكی باشە بۆ ئەوەی دوژمنی لەمێژینە ببنە دۆست، چوونكە "توركیا و كوردی عێراق تاوەكوو دەیەیێك لەمەوبەر دوژمن بوون، بەڵام ئێستا دۆستن و رۆژانە نەوتی كوردستانی عێراق بە توركیادا دەڕوات".

سەرچاوە: گرووپی نێودەوڵەتیی قەیران

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 11046

Your Comment

You are replying to: .
captcha