بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەواڵدەریی ئانادۆلۆ ڕایگەیاند پاشنیوەڕۆی ئەوڕۆ دووشەممە ٩ی ڕێبەندان شاری مەرزیی کیلیسی تورکیا ڕاکێتێکی بەرکەوت کە کەوتە ناو باخە زەیتوونێک و خەساری گیانیی لێنەبووەتەوە.
کاربەدەستانی خۆجێیی باس لەوە دەکەن ڕاکێتەکە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە و لە خاکی عەفرین هاویژراوە. ئەمەش یەکەم جار نییە بەرپرسانی تورکیا ئەم تۆمەتە دەخەنە پاڵ یەپەگە.
لەلایێکی دیکەشەوە کاربەدەستانی هێزی کوردیی یەپەگە تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ئەو هێزە هێرش ناکاتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقاندنی ناوە ناوەی هاوەن یان ڕاکێتێک بۆناو خاکی تورکیا هیچ سوودێکی بۆیان نییە. یەپەگە ڕێکخراوی هەواڵگریی میتی تورکیا بە بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکات و دەشڵێت ئامانجی بانگەشەی نەرێنی دژ بە یەپەگە و شەرعییەت دان بە هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرینە.
شیاوی ئاماژەیە پێش لەمەش نوێنەرانی پارتی کۆماریخوازی گەل (CHP) سەبارەت بەو هاوەنانەی بەر شاری ڕیحانلی کەوتبوون بە دڵنیاییەوە ڕایانگەیاندبوو لە خاکی عەفرینەوە نەهاوێژراون و شوێنی هاویشتنیان هەر لە ناوخۆی خاکی تورکیا بووە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment