کوردپرێس- لە بارەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەریی خۆسەری كانتۆنی عەفرین، كە داوای لە دەوڵەتی سووریا كردبوو بە ئەركی خوی هەڵبسێت لە بەرامبەر بەزاندنی خاك و ئاسمانی سووریا، بەهجەت عەبدو وتی: "ئەو بەیاننامەیە لەلایەن لایەنێكی فەرمیی مەدەنی دەرچووە، ئێمە وەكوو لایەنی سەربازی دەڵێین لەبەر ئەوەی تا ئێستا حكوومەتی سووریا چاودێری دۆخی عەفرینی كردوووە و هیچی نەكردوووە، ئەوا ئیشمان بە یەكەوە نییە و تا ئێستا پێویستیمان بە هیچ پشتیوانیێك لە رژێمی سووریا نەبوووە و پێویستیشمان نابێت."
بەهجەت عەبدو، وەزیری بەرگریی کانتۆنی عەفرین، لە بارەی دۆخی ئێستای کانتۆنەکە و بەرەکانی شەڕ لەگەڵ سوپای تورکیا تایبەت بەخەندانی راگەیاند "هەفتەیێکە هەڵمەتی خۆڕاگریی سەردەم-ی شەڕڤانان بە سەركەوتوویی و بە جۆش و ورەی بەرزەوە بەردەوامە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێزێكی پرۆفیشناڵە و شوێنەکانمان چۆڵ ناكەین و دەرفەت نادەین بستێك لە خاكی عەفرین داگیربكرێت".
هەروەها وتیشی "ماوەی هەفتەیێكە سوپای توركیا لە هەوڵدایە بێتە ناو چەند گوندێکی سنووری عەفرین، بەڵام هەموو هەوڵەكانی تێكدەشكێندرێن و ئێستا شەڕی سەخت لە گوندە سنووریەكانی عەفرین؛ شنگێلە، قورنە، قودە، عومەرا، عبێدان و حەمام بەردەوامە. تا ئێستا سوپای توركیا نەیتوانیوە تەنانەت یەك بست لە خاكی عەفرین تێپەڕێنێت و یەك گوندیشی نەگرتووە".
وەزیری بەرگریی عەفرین باسی لەوەشكرد، كە بەربەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا، چەند شوێنێكیان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە 7 هاوڵاتی مەدەنی لەشارۆچكەی موباتا گیانیان لە دەست داوە، شەوی رابردووش شەڕڤانان 3 تانکی سوپای توركیایان تێکشکاندووە.
هەروەها جەختی کردەوە: "ئێمە قبووڵ ناكەین رژێمی سووریا بە سەربازەکانی و ئاڵاكەی بێتە ناو عەفرین و ئەوە رەتدەكەینەوە، رژێم دەتوانێت لە ناوچەكانی خۆیەوە شەڕی سوپای توركیا و گروپە چەتەكانی بكات، ئەگەر دەڵێت ئاسمانی سوریا هی منە، بۆ تا ئێستا هێزی بەرگری ئاسمانی بەکارنەهێناوە لە دژی بەزاندنی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا؟"
وەزیری بەرگریی عەفرین باسی لەوەش کرد، هەر جۆرە هاوکارییێکی لەو شێوەیە دەبێت بەرێککەوتنی فەرمی بێت و ئەو کات فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەفەرمی رایدەگەیەنێت، "بەڵام ئێمە تا ئێستا داوای هاوکارییمان لەرژێمی سوریا نەکردووەو لەرووی سەربازیشەوە پێویستمان نییە."
رۆژی 20ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا، بەبۆردومانێکی چڕی ئاسمانی لەشکرکێشی بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکرد. لەشکرکێشیەکە لەلایەن سوپای تورکیا و چەکدارە نزیکەکانی ئەو سوپایە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەڕێوەدەبرێت، تا ئێستا ئەو هێزانە ناوچەیەکی ئەوتۆیان لەعەفرین کۆنترۆڵ نەکردووە، کە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرگریی لێ دەکەن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠١
Your Comment