ڕۆحانی: پێویسته‌ کوردی عێراق به‌ مافی خۆی بگات/ بارزانی: داوای عێراقی یه‌کپارچه‌ ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و وه‌فدی یاوه‌ری کۆ بوویه‌وه‌ و چه‌ند ته‌وه‌ری گرینگ له‌و دیداره‌دا باس کرا له‌وان: پاڵپشتیی ئێران له‌ عێراقی یه‌کپارچه‌ و یه‌کگرتوو، ده‌سه‌ڵاتی یه‌کگرتوو و سه‌قامگیری سنووره‌کان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن ڕۆحانی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 21ی جانیڤێری له‌ دیداری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستاندا تیشکی خسته‌ سه‌ر پێوه‌ندیی مێژوویی و ڕیشه‌داری کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ کورده‌کانی عێراق و گوتی: پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌و پێوه‌ندییه‌ دۆستانه‌ له‌ نێوان ئێران و عێراقدا به‌هێزتر بکرێت.

سه‌رۆک کۆماری ئێران وتیشی: هه‌رێمی کوردستان وه‌کوو به‌شێکی گرینگی وڵاتی عێراق ئه‌رک و ده‌ورێکی گرینگیش له‌ به‌هێزبوونی سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراقدا ده‌گێڕێت.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: بێگومان ده‌سه‌ڵات و هێزی بیانیی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که‌ دڵسۆز و خێرخوازی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ نیین و نایشبن به‌ڵکوو ته‌نها بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌.

ڕۆحانی گوتیشی: هه‌موو قه‌ومییه‌ته‌کان له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌دا ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و سه‌روه‌ریی وڵاتاندا ده‌ستیان به‌ مافی مه‌شرووع و یاساییی خۆیان بگات.

ناوبراو ئاماده‌ییی سه‌رمایه‌دانه‌رانی ئێرانی بۆ به‌شداری کردن له‌ پڕۆژه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و پێشوازی کردن له‌ بازرگانه‌ کورده‌ عێراقییه‌کانیشی ئاشکرا کرد و گوتی: ئێمه‌ حه‌ز به‌ ئێران و عێراقێکی ئاوه‌دانتر و پێشکه‌وتووتر ده‌که‌ین و ئه‌وه‌ش قازانجی هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌که‌ی تێدایه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانیش له‌و دیداره‌دا ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ به‌رده‌وام حه‌ز به‌ عێراقێکی یه‌کگرتوو و یه‌کپارچه‌ ده‌که‌ین و بڕوایشمان وایه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان پێبه‌ند بن به‌ ده‌ستووری عێراقه‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقیدا چاره‌دۆزی بۆ کێشه‌کان بکه‌ن.

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستخۆشیی پشتیوانیی بێ درێخی ئێرانی کرد له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و گوتیشی: ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌و شه‌ڕه‌دا سوپاسی یارمه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان کردوووه‌.

ناوبراو سه‌رمایه‌دانه‌ران و بازرگانه‌ ئێرانییه‌کانی بانگهێشت کرد له‌ پڕۆژه‌ ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا چالاکی بنوێنن و سنووری نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام کارا بێت و داوای هاوکاریی زیاتری ئابووری له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی کرد.

بارزانی له‌ درێژه‌دا جه‌ختیشی کرده‌وه‌ پێویسته‌ سنووری ئێران و عێراق سنووری دۆستایه‌تی و گه‌شه‌پێدان بێت هه‌ر بۆیه‌ش ئێرانی دڵنیا کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان ئیزنی هیچ تاک و لایه‌نێک نادات بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ییێکی چاوه‌ڕوانکراو دژ به‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران خاکی هه‌رێم به‌کار بهێنێت چوونکه‌ ئه‌وه‌ هێڵی سووری هه‌ولێره‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10719

Your Comment

You are replying to: .
captcha