بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شاری هەولێر بڵاو کردەوە؛ دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
گرووپێکی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شعبی و بە ئیمکانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، رێکەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان، ترسنۆکانە چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر کرد، کە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و نیگەران کردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاکۆ بەزێن.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای ئیدانە کردنی ئەو کردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەین، سەرەڕای ئیدانە کردنی ئەم کردەوە دوژمنکارانە بەپەلە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم کردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاکامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەکەن لەسەر کارە تیرۆریستیەکانیان بەردەوام بن.
شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشکەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان هەڵنایە و پێیان قبووڵ ناکرێ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە کوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەکوو ئەڵقە لە گوێ ئەوەی پێیان دەگوترێ جێبەجێی دەکەن!..
هەموولایێک ئاگادار دەکەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاکامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەکاندا تووشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم کردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەکەن.
سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەکان، رایدەگەیێنین کە تەواوی سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پایتەختی هەرێم وەک چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و دانیشتوانەکەی دەکەین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment