بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی ناوەندی لەلایەن هاوپەیمانیی دژەداعش بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا لە سووریا، تورکیا هەڕەشەی ئەوە دەکات کانتۆنی عەفرینی باکووری سووریا کە لە کۆنترۆڵی کوردەکاندایە دەکاتە ئامانج و کوردەکان لەوێ دەتارێنێت.
ئەمریکا بۆ هێور کردنەوەی تورکیا باسی لەوە کردووە پێکهێنانی هێزی ئەمنی لە ئارادا نییە و مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکان تەنیا بۆ سەقامگیر کردنی ناوچە تازە ڕزگار کراوەکان لە بندەستی داعش وەکوو ڕۆژهەڵاتی ڕەقەیە.
موستەفا بالی وتەبێژی هێزی کورد – عەرەبی سووریا لەمبارەوە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئەحوال دەڵێت: بێت و تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین ئەوا هێزی کورد ناوچە تازە ڕزگار کراوەکان چۆڵ دەکات و دەچێتە هانای عەفرینەوە.
زیاتر وتیشی: تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین ئێمەش دەستەوەستان نابین و ناوچە تازە ڕزگار کراوەکان چۆڵ دەکەین و بەم شێوەیە ئەو ناوچانە بەرامبەر داعش لاواز دەبنەوە. هێزەکانیشمان بۆ بەرگری لە عەفرین ڕەوانەی ئەوێ دەکەین.
ناوبراو جەختی کردەوە: ئەم کارەش دەبێتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی داعش و توندڕەووی بۆ ناوچەکە کەواتە باشتر وایە هێزی هاوپەیمان مۆڵەت نەدەنە تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment