کاردانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ دامه‌زراندنی سوپایێکی نوێی کورده‌کان له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت: پێکهێنانی هێزی ئاسایشی سه‌ر سنوور که‌ ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا پێکی هێناوه‌ نموونه‌ی ئاشکرای ته‌داخولی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ کاروباری وڵاتانی دیکه‌دا و ده‌بێته‌ هۆی ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی قه‌یرانه‌که‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بارام قاسمی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 26ی به‌فرانبار له‌ کاردانه‌وه‌یێکدا به‌رامبه‌ر به‌ پێکهێنانی هێزی نوێی کورد له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ له‌ سنووری باکووری سووریا ڕای‌گه‌یاند: ئه‌وه‌ ته‌داخولی ئاشکرای ئه‌مریکایه‌ له‌ کاروباری وڵاتانی دیکه‌دا و قه‌یرانه‌که‌ی سووریا به‌و کاره‌ په‌ره‌ ده‌سێنێت و ئاگری شه‌ڕ له‌و وڵاته‌دا بڵێسه‌دارتر ده‌کات.

ناوبراو زیادی کرد: ئه‌وه‌ی جێگای سه‌ره‌نجه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریکا کاتێک ئاشکرا ده‌بێت که‌ سوپای سووریا و هێزی هاوپه‌یمانی ئه‌و سوپایه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌رچاویان له‌ شه‌ڕی دژه‌تیرۆری داعش و به‌ره‌ی نوسره‌دا وه‌ده‌ست هێناوه‌.

وته‌بێژی ده‌زگای دیپلۆماتیی ئێران ئاشکرای کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری تورکیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ گفتوگۆی ئه‌ستانه‌ و به‌ پێکهێنانی ناوچه‌ی ئارام بڵێسه‌ی ئاگری ئه‌و قه‌یرانه‌ دامڕکێنن و تا ئێستاش ده‌ستکه‌وتی باشیان له‌و باره‌یه‌وه‌ بوو.

قاسمی جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌رچی دره‌نگه‌ به‌ڵام کاتی ئه‌وه‌ گه‌شتوووه‌ ئه‌مریکا به‌ سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌ و ده‌ستوه‌ردان له‌ کاروباری دیکه‌ی وڵاتان نه‌کات و به‌ زووترین کات هێزی خۆی له‌و وڵاته‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌ و واز له‌ سووریا بهێنێت با خۆی چاره‌نووس و داهاتووی خۆی به‌ گوێره‌ی ڕای زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی دیاری بکات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10528

Your Comment

You are replying to: .
captcha