کەلوپەلی نێو ماڵەکەی شێرکۆ بێکەس مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

بەشی فەرهەنگ و هونەر- بەشێک لەو کەلوپەلانەی لە شێرکۆ بێکەس جێماون مۆرانە لێی داون، یاخود بەهۆی نسرمیی خانوەکەوە بەشێک لە کتێبەکانی فەوتاون.

کوردپرێس- شێرکۆ بێکەس، یەکێکە لە ئەستێرەکانی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی . لە ماڵەکەی کتێبخانە و کەلوپەلە تایبەتەکانی وەک جل­وبەرگ ، چاویلکە و تەنانەت دواهەمین پاکەتی جگەرەکەی لە ژوورەکەی ماونەتەوە و تۆزی فەرامۆشییان لێ نیشتوووە.

وەک پاسەوانی ماڵەکە دەیگێڕێتەوە، بەشێک لەو کەلوپەلانەی لە شێرکۆ بێکەس جێماون مۆرانە لێی داون، یاخود بەهۆی نسرمیی خانوەکەوە بەشێک لە کتێبەکانی فەوتاون.

بە مۆزەخانەکردنی ماڵ و نمایش کردنی کەل­وپەلە تایبەتەکانی نووسەران و هونەرمەندان دوای مردنیان لە مێژە لە جیهاندا بۆتە کولتوور و وەک سەرمایەیێکی نیشتمانی و رۆشنبیری تەماشا دەکرێت ، بەڵام لە کوردستان ئەمە نەبوەتە مۆدێل و کاری لەسەر نەکراوە.

شێرکۆ بێکەس، ساڵانی کۆتاییی ژیانی لە هەرێمی کوردستان لە خانوەکەی خۆیدا بەسەر بردوووە، ئێستا تەنیا کەل­وپەلە تایبەتەکانی لەو ماڵەدا ماون، بەڵام بەھۆی چۆڵی و فەرامۆش­کردنیەوە ، بەشێکی لەناوچوون و مەترسیی لەناوچوونی لە سەر بەشەکەی دیکەی ھەیە.

پێشڕەو عەبدوڵڵا ، پاسەوانی ماڵەکەی شێرکۆ بێکەس بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "ماوەی 11 ساڵە من لەم ماڵەدا دەژیم ، 7 ساڵی لەگەڵ مامۆستا خۆیدا ژیاوم ، ئێستا بەھۆی تەڕوتووشی و شێدارییەوە ، بەشێک لەکەلوپەلەکانی ئەم ماڵە خراپ بوون و فڕێ دراون ، من بەشێکی ئەو کەل­وپەلە خراپانەم ھەر پاراستوووە ، بۆ ئەوەی بەو شێوەش ھەر بمێنێتەوە".

کامەران سوبحان ، گلەیی لە فەرامۆش کردنی ماڵی ئەو شاعیرە بەناوبانگەی کورد دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "زۆربەی کەل­وپەل و کتێب و دەست­نووسەکانی شاعیر مۆرانە لێی داون و خراپ بوون ، ئێستا لە رێگەی تووتن و ئەسپەنیکەوە ، پارێزگاری لەوانەی ماون دەکرێت ، لەکوێی دونیادا ماڵی شاعیرە بەناوبانگەکان بەوشێوەیە فەرامۆش دەکرێت".

ئەم نووسەرە یەکێکە لە ھاوڕێ دێرینەکانی شێرکۆ ، دەڵێ ھەرچەندە نازناوی شاعیر بێکەس بوو ، بەڵام ھەموو نەتەوەکەی بە کەسی خۆی دەزانی ، ھەربۆیە پێی وایە ئەو سەرمایەیەی ئەو جێی ھێشتووە دەبێت وەک شیعرەکانی لەناو خەڵکدا بمێننەوە.

مستەفا ساڵح کەریم ، نووسەر و ھاوڕێی شیرکۆ بێکەس دەڵێت"نەجمەدینی مەلا دەیگوت ئێمە مردوو پەرستین، بەڵام ئێستا ئەوە پێچەوانە بۆتەوە و مردوووەکانیشمان فەرامۆش کردوووە ، ھەربۆیە دەبێت ئەو کەل­وپەلانەی لەدوای شێرکۆ بەجێماون وەک بەرھەمەکانی بەزینوویی بھێڵینەوە".

شێرکۆ بێکەس ساڵی 1940 لە سلێمانی لەدایک بوو

یەکەمین شیعری لە 17 ساڵیدا بڵاوکردۆتەوە

ساڵی 1968یەکەمین دیوانی بڵاو کردۆتەوە

ساڵی 1988لە سوید خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" پێ بەخشرا

دامەزرێنەری دەزگای سەردەم بوووە

٤ی ئابی 2013 لەسوید کۆچی دواییی کرد

لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادی سلێمانی نێژرا

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 10414

Your Comment

You are replying to: .
captcha