له‌ به‌غدا یه‌ک كوتله‌ و یه‌ک ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی نه‌بێت، کورد زه‌ره‌ر ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی ده‌زگای گشتیی هه‌ڵبژاردنی پارتی رای‌ده‌گه‌یێنێت: بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم باسی هاوپه‌یمانی نه‌كراوه‌ و بۆ سه‌نگی كوردیش هاوپه‌یمانیی كورد به‌ پێویست ده‌زانێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خه‌سرۆ گۆران له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای‌گه‌یاند: "له‌ كۆبووه‌نه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، به‌ هیچ شێوه‌یێک باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆ به‌ یه‌ک لیست به‌شدار بین، به‌ڵكوو بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق ئه‌و باسه‌ كراوه‌".

ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ واده‌ی خۆیدا، بۆته‌ باسی ناوه‌نده‌ جیاجیاكان، به‌ڵام به‌رپرسی ده‌زگای گشتیی هه‌ڵبژاردنی پارتی، باوه‌ڕی وایه‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ واده‌ی خۆیدا ده‌كرێت و ده‌شڵێ: له‌ دوای ڕووخانی رژێمه‌وه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا كراون، جیا له‌ كه‌رکووک كه‌ حاڵه‌تێكی تایبه‌تی هه‌یه‌. پێیشی وایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ واده‌ی خۆیدا ده‌كرێت.

خه‌سرۆ گۆران باس له‌و هه‌وڵانه‌یش ده‌كات بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه‌ و ده‌درێن و ده‌ڵێ: "ئه‌وان بیانوویان ئه‌وه‌یه‌، كه‌وا خه‌ڵكێكی زۆری سوننه‌ به‌ هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ئاواره‌ی شوێنه‌كانی دیكه‌ بوون، به‌ڵام ئاواره‌بوونیان رێگر نییه‌ له‌ به‌شداری كردنیان له‌ ده‌نگدان، ده‌كرێ خه‌ڵكی ئه‌نبار بێت و له‌ سۆران ده‌نگه‌كه‌ی بدا، پێم وایه‌ ئه‌و داواخوازییه‌ی سوننه‌ وه‌لا ده‌نرێت".

گۆران له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش، وتی: حه‌فته‌ی دابێ كۆمیسیۆن و په‌رله‌مان بۆ دانانی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆ ده‌بنه‌وه‌.

خه‌سرۆ گۆران، به‌ستنی هاوپه‌یمانیی كوردستانی بۆ به‌غدا به‌ باشترین ده‌ستكه‌وت بۆ كورد ناو ده‌بات که‌ له‌ په‌رله‌مانیشدا یه‌ک كوتله‌ و یه‌ک ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌بێت. ده‌شڵێ: "به‌و شێوه‌ ده‌توانرێت خزمه‌تی دۆزی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین نه‌ک به‌ شێوه‌ی په‌رتوبڵاوی یان پارتی له‌گه‌ڵ ته‌یارێكی تر هاوپه‌یمانی ببه‌ستێ یا هه‌ر لایه‌نێكی تری كوردی له‌گه‌ڵ ته‌یارێكی عه‌ره‌بی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت، ئه‌وه‌ ئێمه‌ بچووک ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئاواتی لایه‌نه‌كانی تره‌ كه‌ كورد به‌ په‌رتوبڵاوی ببینن، تا وه‌كوو یه‌ک هاووڵاتی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، نه‌ک وه‌ک دۆزێكی گرینگ".

به‌رپرسی ده‌زگای گشتیی هه‌ڵبژاردن جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌ واده‌ی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت و ئاماده‌یشن بۆ هه‌ڵبژاردن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10320

Your Comment

You are replying to: .
captcha