مه‌سعوود بارزانی جەخت لە جێبه‌جێ کردنی رێکه‌وتنی شه‌نگال ده‌کاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە کۆبوونەوەیێک لەگەڵ میری ئێزیدیان و ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانیی ئێزیدی، سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای جێبه‌جێ کردنی رێکه‌وتنی شه‌نگال ده‌کات.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ مه‌سعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ میر حازم ته‌حسین به‌گ میری ئێزیدیان و ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانیی ئێزیدی کۆ بووه‌وه‌، و باس له‌ بارودۆخی ئێزیدییه‌کان و ڕه‌وشی شه‌نگال و ته‌حه‌ددیاتی به‌رده‌م ئاسایی بوونه‌وه‌ی ژیانی ئێزیدییه‌کان له‌ ده‌ڤه‌ری شه‌نگال کرا.

مه‌سعوود بارزانی رایگه‌یاند، "هه‌میشه‌ پاڵپشتی داواکاریی ئێزیدیه‌کان بووه‌، هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ پشت و په‌نای ئێزیدییه‌کان بوونه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا بۆ ئازاد کردنی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال، 500 شه‌هیدی داوه‌".

هه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا مه‌سعوود بارزانی جه‌ختیشی له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتنی شه‌نگال کرده‌وه‌ و داوای کرد، ئێزیدییه‌کان یه‌کڕیزیی ناوخۆیان بپارێزن، ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ده‌نگی لابه‌لا و نامۆ زیان له‌ یه‌کگرتوویی و شوناس و ئایینی ئێزیدییه‌کان بدات و ده‌بێت ئێزیدییه‌کان مکووڕ بن له‌سه‌ر ماف و داوا ڕه‌واکانی خۆیان.

لە دیدارەکەدا میر حازم به‌گ و بابا شێخ عه‌لی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانیی ئێزیدی سوپاسی مه‌سعوود بارزانییان کرد که‌ "له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاری ئێزییدییه‌کان بووه‌"، داواشیان کرد، هه‌موو تواناکانی بخاته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌کان بتوانن به‌ ئاسووده‌یی بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌، کار بۆ ئه‌وه‌ بکرێت که‌ کۆسپ و ئاسته‌نگه‌کان نه‌مێنن و ڕێککه‌وتنی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و حکوومه‌تی فیدڕاڵ به‌ زوویی جێبه‌جێ بکرێت.

شاندی میوان داواشیان له‌سه‌رۆکی پارتی کرد، ئێزیدییه‌کان له‌ دامه‌زراوه‌کانی هه‌رێمدا پشک و ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1020

Your Comment

You are replying to: .
captcha