به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ خه‌ندان ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: "نه له یاسا و نه له ڕێنمایی باسی ڕاده‌ست نه‌کراوه به‌ڵکوو سه‌رپه‌رشتی ھاوبه‌ش ھه‌یه و ھه‌رێم ده‌مێکه ڕایگهیاندوووه بۆ کاری ھاوبه‌شی ئاماده‌یه".
ڕۆژی دووشه‌ممه لیوا مه‌عن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی چالاکییه تایبه‌ته‌کانی دووه‌م له سوپای عێراق له توویتێکدا نووسیبووی: "ھه‌رێمی کوردستان ڕازی بوووه به مه‌رجه‌کانی حکوومه‌تی عێراق بۆ ده‌ست پێکردنی گفتوگۆ له نێویاندا و ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا."
ھه‌روه‌ھا جه‌ختی کردوه‌ته‌وه: "ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ده‌بێت له ھه‌موو ناوچه‌کانی عێراقدا بێت له زاخۆوه تا فاو."
ھاوکات که‌ناڵه‌کانی ئه‌لعه‌ربیه و سکای نیووزی عه‌ره‌بی له زاری په‌یامنێره‌کانیانه‌وه ھه‌واڵه‌که‌یان بڵاو کرده‌وه و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه کرد که ده‌سه‌ڵاتدارانی ھه‌رێم ڕازی بوون به ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌کانی به ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی به‌غدا.
عه‌بدوڵڵا ئاکره‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ھه‌رێمی کوردستان و ئێران به خه‌ندانی ڕاگه‌یاند له شه‌وی ڕابردوو له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانه‌وه ئاگادار کراوه‌ته‌وه که ھه‌ر دوو خاڵی سنووری په‌روێز خان و حاجی ئۆمه‌ران ده‌کرێنه‌وه.
ناوبراو وتیشی: "شه‌وی ڕابردوو ئاگاداری منیان کرد و وتیان له کاتژمێر ١٢:٠٠ه‌وه ھه‌ر دوو ده‌روازه‌که کراونه‌ته‌وه".
ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ھه‌ر دوو ده‌روازه‌که به ڕووی ھاتوچۆی خه‌ڵک و بازرگانیشه‌وه کراونه‌ته‌وه.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ھه‌رێمی کوردستان و ئێران زیاتر ده‌ڵێت: "کۆنترۆڵی ده‌روازه‌کان له ده‌ستی ھه‌رێمه".
عه‌بدوڵا ئاکره‌یی جه‌ختیشی کرده‌وه: "ئێران خۆی له مه‌وزوعه‌که ده‌رھێنا و ده‌ستووری دا که بکرێنه‌وه، ئیدی له‌گه‌ڵ ئێمه و به‌غدا چی ده‌بێـت چی نابێت ئه‌وان عه‌لاقه‌یان پێ نییه."
به‌یانیی ئه‌مرۆ عه‌لی تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری خاڵی سنووری په‌روێز خان به خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: به‌یانیی ئه‌مرۆ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روێز خان له دیوی ئێران ئاگادار کراوه‌ته‌وه که له ئه‌مڕۆوه ده‌روازه‌که ده‌کرێته‌وه و ھاتوچۆ ئاسایییه.
ناوبراو وتیشی: "پێم وتراوه له ئه‌مڕۆوه ده‌روازه‌که کراوه‌ته‌وه و شۆفێره‌کان ده‌توانن ئۆتۆمبێله‌کانیان ببه‌نه دیوی ئێران و ھاتوچۆی ئاساییی خۆیان بکه‌ن."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment