کوردپرێس:
پڕۆفیسۆر گای بێرتۆن مامۆستای کۆلیژی ڤۆسیالیۆسی برۆکسیل لە یادداشتێکدا باسی دۆخی کوردی سووریای کردووە و دەڵێت کوردەکانی سووریا لە دۆخێکی نەخوازراودان و ئێستا لە زۆر ناوچەدا ئەو دەسەڵاتەیان نەماوە کە پێشتر بوویان بۆیە پێ ناچێت بتوانن ئەم دۆخەی ئێستا بگۆڕن.
دوکتور گای بێرتۆن مامۆستای زانکۆ لە بەشی پێوەندیی نێودەوڵەتی یادداشتەکەی لە ماڵپەڕی کەناڵی تەلەڤزیۆنی جیهانیی چین بڵاو کردۆتەوە و بڕوای ئەوەیە کە کوردی سووریا هیوای بە ئەمریکا نەماوە و دوور نیە دەسەو داوێنی وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات لە کەنداوی فارس ببێت دوور نیە ئەو وڵاتانەش بە نیاز بن لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی داهاتووی سووریا ئەو کوردانە بەکار بهێنن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەو قەناعەتەدایە کە دوورنواڕێکی ڕوون بۆ کورد بە گشتی و بۆ کوردی سووریا بەتایبەتی بەدی ناکرێت.
ناوبراو کە بەشێکی توێژینەوەکانی پەیوەستە بە تەوەری کوردەکانەوە ئاماژەی بە دۆخی کوردی تورکیاش کردووە و دەڵێت تورکیا مامەڵەی توندتر لەگەڵ کورد دەکات و دەستبەسەرکردن و لەکارلادانی کوردەکان بۆتە سیاسەتی سەرەکیی تورکیا بەرانبەر بە کورد. ئەمەش داهنێانی سیاسیی لە کورد سەندۆتەوە و کوردەکانی تورکیا ناتوانن وەک جاران ناڕەزاییی خۆیان بەرانبەر بە دەسەڵاتی تورکیا دەرببڕن.
دوکتور گای بێرتۆن لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە هۆشداریی داوە و دەڵێت ڕاستە لە ئێستادا هەرێم ئارامە و ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایییانەی عێراق لە هەرێم نابینرێت بەڵام ئەگەر بێتوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو چاکسازی و پێدانی خزمەتگوزاریی شایستە بە هاووڵاتییان نەجووڵێتەوە ئەوا هەمان تووشی هەمان چارەنووس دەبێت کە بە سەری حکوومەتی ناوەندیی عێراق هاتووە.
Your Comment