بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی ئەنستیتۆ واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نووسینگە سەرەکیەکەی لە واشنتنە لە شرۆڤەیێکی کورتدا باسی پێوەندیی نێوان ئەمەریکا و کورد دەکات بەتایبەت کوردی عێراق لە پرسی ڕیفراندۆم و کوردی سووریا لە پرسی بەجێهێشتنیان هەمبەر هێرشەکانی تورکیا.
ئەم ئەنستیتۆیە ئاماژە بە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی مانگی ڕابردووی مایک پێنس یاریدەدەری دۆناڵد ترەمپ بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کە جەختی لەسەر گرینگ بوونی پێوەندیی لەمێژینەی کوردەکانی عێراق و خەڵکی ئەمەریکای کردبوو و ئەم وتەیەی بە نیشاندەری بوونی متمانە لەپێوەندییەکانی کوردەکانی عێراق و وڵاتی ئەمەریکا وەسف کردبوو.
بەڵام ئەنستیتۆ واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پێوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە شی دەکاتەوە هۆشداریی داوە کە ڕەفتاری مانگی ئاکتەوبری ئەمەریکا لەگەڵ کوردەکانی سووریا کاریگەریی زۆری لەسەر پێوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردەکان هەبوو و بووەبەهۆی بێ متمانە بوونی کوردەکان بە ئەمەریکا و سیاسەتەکانی.
ئەنستیتۆ واشنتن ئاماژە بە ڕاپرسیێک دەکات کە لەم دواییانەدا ئەنجام دراوە و ڕای کوردەکانی لەبارەی پێوەندیی ئەوان لەگەڵ ئەمەریکا پرسیوە و دەڵێت زۆرینەی خەڵکی کورد متمانەیان بە ئەمەریکا نەماوە و پرسیاری زۆریان لەمبارەوە هەیە کە بێ وەڵام ماوەتەوە.
ئەم ئەنستیتۆیە جەخت دەکاتەوە مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ کوردی سووریا پێگەی گشتیی کوردەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵانی ناڤین دابەزاند و بیرۆکەی کوردی لەبارەی ئەمەریکا گۆڕی کە ئەم بیرۆکە بۆ ماوەیێکی درێژخایەن لە مێشکیاندا دەمێنێتەوە.
هەروەها نووسەری ئەم شرۆڤەیە بڕوای وایە کوردەکانی عێراق بەئاوڕدانەوە لە پشتگیری نەکردنی ئەمەریکا لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆی و بێ لایەن بوونی ئەو وڵاتە لە ڕووداوەکانی ئاکتەوبری 2017 کە کورد پاش ئەو ڕووداوانە نیوەی ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی خۆیان لەدەست دا بە باشی هەستیان بە بێ متمانە بوون بە ئەمەریکا کرد.
ئەنستیتۆ واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشنووسێت بەڵام بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کورد و ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ڕێگر بێت لە پچڕانی پێوەندییەکانیان بە تەواوی. چوونکە ئەمەریکا لە ڕووبەڕووبوونەوە جیهانییەکانیدا لە سەدەی 21 پێویستی بە هاوبەشێکی خۆجێیی هەیە بۆ فۆرمدان بە دەیەکانی داهاتوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment