بەپێی هەواڵی کوردپرێس عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە نامەیێکیدا داوای لە ڕێبەری باڵای ئێران کردبوو لەبارەی دۆسیەی ئەو کەسانەوە کە لە خۆپیشاندان و نائارامییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دۆسیەیان بۆ تۆمار کراوە و دەستبەسەر کراون یان خود گیانیان لە دەست داوە ڕای خۆی دەرببڕێت.
ئایەتوڵڵا خامنەی ڕێبەری باڵای ئێران لە وەڵامی نامەکەی شەمخانیدا نووسیویەتی: "بەپێی پێویست بە خێرایی کارەکان جێبەجێ بکرێت و نیسبەت بە هەر تاقمێک بە شێوەیێک مامەڵە بکرێت کە لە مێهرەبانیی ئیسلامییانەوە نزیک بێت."
لە نامەکەی شەمخانیدا ئەو کەسانەی هاوپەیوەند بە خۆپیشاندانەکان دۆسیەیان بۆ تۆمار کراوە کراون بە سێ بەشەوە یەکەم ئەو کەسانەی بە بێ تاوان کوژراون. بۆ ئەم تاقمە داوا کراوە کە بە شەهید بێنە ئەژمار و بنەماڵەکەیان وەک خانەوادە شەهید تۆمار بکرێت. تاقمی دووهەم ئەو کەسانەن کە بە شێوەیێک لە شێوەکان لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. لەبارەی ئەم تاقمەشەوە داوا کراوە دیەی کوژراوەکان بدرێت و دڵی بنەماڵەکانیان بهێنرێتە جێ. تاقمی سێهەم ئەو کەسانەن کە بە ئەنقەست دەستیان لە ئاژاوەگێڕیدا بووە و دۆسیەیان بۆ تۆمار کراوە. ڕێبەری باڵای ئێران لە بارەی ئەم جیلەی سێهەمیشەوە نووسیویەتی بە گوێرەی مێهرەبانیی ئیسلامییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
Your Comment