خوکوژیی لاوێکی گومانلێکراو بە هاوکاری لەگەڵ PKK

بەشی تورکیا- نوێنەری HDP لە پەرلەمانی تورکیا داو لە وەزیری ناوخۆ دەکات ڕوونکردنەوە بکات لە بارەی مردنی موراد ئاراچ لاوی گومانلێکراو بە هاوکاری لە گەڵ PKK.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فیلیز کرستجی ئۆغڵۆ نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا، سەبارەت بە مەرگی لاوی گومانلێکراو بە هاوکاری کردن لەگەڵ PKK لە سەنتەری پۆلیسی غازی عەنتە، پرسیاری لە سولەیمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد.

دەوترێت موراد ئاراچ لاوی تەمەن 18 ساڵ کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرابوو، خۆی لە پەنجەرەی نهۆمی سێهەمی سەنتەری پۆلیسەوە خستە خوار و خۆی کوشتووە.

ئاراچ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا داوا کرا بوو و حەفتەی پێشوو لە شاری غازی پاشا سەربە پارێزگای ئانتالیا دەستگیر کرا.

ناوبراو پاش تێپەڕانی قۆناغی یاسایی پێویست لە سەنتەری پۆلیسەوە بۆ دادگا گواسترایەوە و پاش لێپێچینەوە لە لایەن داواکاری گشتییەوە دیسان ڕادەستی سەنتەری پۆلیس کرا، کاتژمێر نزیک 18 بە کاتی ناوچەکە خۆی لە پەنجەرەی نهۆمی سێهەمی سەنتەری پۆلیسەوە خستە خوار. ناوبراو دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە بەڵام بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە گیانی لە دەست دا.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەی موراد ئاراچ گومان لە شێوەی مەرگی منداڵەکەیان دەکەن و دەڵێن ئەو خۆکوژی نەکردووە.

گوون ئوزاتا پارێزەری بنەماڵەی ئاراچ دەڵێت ئەوان دڵنیا نین کە موراد ئاراچ خۆی کوشتبێت.

هەر بەو بۆنەیەوە کرستجی ئۆغڵۆ داوای لە وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد روونکردنەوە لە بارەی مەرگی موراد ئاراچ بکات.

سویلۆ ئیدیعا دەکات PKK داوای لە ئەندامانی خۆ کردووە کە ئەگەر دەستگیر کران خۆکوژی بکەن.

سەرچاوە: حوڕیەت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9436

Your Comment

You are replying to: .
captcha