پێشوازی له‌ پێوه‌ندیی دۆستانه‌ و هاوسه‌نگی تاران و له‌نده‌ن ده‌که‌ین/ بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ به‌نزینه‌ له‌سه‌ر ئاگری ناوچه‌که‌

به‌شی ئێران- سه‌رۆک‌کۆمار له‌ دیداری بووریس جانسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا وێڕای جه‌خت له‌سه‌ر پێوه‌ندیی دۆستانه‌ و هاوسه‌نگی ئێران و به‌ریتانیا له‌پێناو دابین بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌ردوولایه‌ن وتی: له‌ ئاقاری پاش به‌رجامدا پێوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات ڕێژه‌یێکی باشی نه‌بووه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ خاڵێکی جێگای ڕه‌زامه‌ندی هه‌وڵێکی زیاتر پێویسته‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس دکتور حه‌سه‌ن ڕۆحانی ئه‌وڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 19ی سه‌رماوه‌ز له‌گه‌ڵ بووریس جانسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا دیداری کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد هاوکارییه‌کانی ئێران و گرووپی 5+1 له‌ هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره‌دا ڕێککه‌وتنی پڕبایه‌خی به‌رجامی لێکه‌وته‌وه‌ و وتیشی؛ بڕیار و ئیراده‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئاقاری پاش به‌رجام ده‌بێ به‌ کرده‌ نیشان بدرێت و ده‌ره‌نجام و ئاسه‌واره‌کانی ببینین.

سه‌رۆک‌کۆمار له‌سه‌ر پێویستی په‌ره‌ پێدانی پێوه‌ندییه‌ بانکییه‌کانی ئێران و به‌ریتانیا به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ به‌رجام جه‌ختی کرد و ڕای‌گه‌یاند: پاراستنی به‌رجام زۆر گرینگه‌ و بڕوامان به‌وه‌یه‌ گه‌لی ئێران ده‌بێ له‌ به‌رجام سوود وه‌رگرێت.

هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌وڵه‌کانی ئێران کرد بۆ کۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ و گرژی له‌ ناوچه‌که‌دا و جه‌ختی کرده‌وه‌: گفتوگۆی تاران – له‌نده‌ن ده‌توانێت هاوکاریی زیاتر بۆ وه‌دیهێنان سه‌قام و ئه‌منیه‌ت له‌ ناوچه‌که‌ی لێبکه‌وێته‌وه‌.

دکتور ڕۆحانی وتی که‌س ناتوانێت حاشا له‌ ڕۆڵی ئێران بۆ ڕیشه‌کێش کردنی تیرۆریزم له‌م ناوچه‌یه‌ بکات و هه‌ر له‌مباره‌وه‌ درێژه‌ی دا: دۆخی ناوچه‌که‌ جۆرێکه‌ که‌ نابێ که‌س ئاگره‌که‌ی گه‌ش بکاته‌وه‌ به‌ڵام بڕیاری ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆك‌کۆماری ئه‌مریکا بۆ گواستنه‌وه‌ باڵوێزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بۆ قودسی شه‌ریف هه‌ڵه‌یه‌ و وه‌کوو ڕژاندنی به‌نزین به‌سه‌ر ئاگری ناوچه‌که‌ دێته‌ هه‌ژمار.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاش له‌م دیداره‌دا وتی به‌هۆی به‌رجامه‌وه‌ ئه‌وڕۆکه‌ ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندی و هاوکاریی نێوان ئێران و به‌ریتانیا خولقاوه‌ و زیادی کرد: له‌سه‌ر په‌ره‌ پێدانی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و له‌نده‌ن له‌ هه‌موو بواره‌کاندا پێداگری ده‌که‌ین.

بووریس جانسۆن جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌وه‌ی به‌رجام ڕێککه‌وتنێکی ئیجابی و ئه‌رێنییه‌ و ده‌بێ به‌رده‌وام بێت و گه‌لی ئێرانیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی که‌ڵک وه‌رگرن و پاشان ده‌ری‌بڕی: له‌ ئێراندا ده‌رفه‌تی ئابووری و بازرگانیی زۆر باش هه‌یه‌ و پێمان ۆشه‌ کۆمپانیا ئینگلیزییه‌کانیش بتوانن له‌ پرۆژه‌کانی ئێران سه‌رمایه‌ دانێن و به‌شدارییان تێدا بکه‌ن.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ڵمه‌تی باشی له‌ به‌رنگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر هه‌بووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: به‌ریتانیا بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆک‌کۆماری ئه‌مریکا بۆ گواستنه‌وه‌ باڵوێزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بۆ قودس به‌ باش نازانێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60105

News Code 9161

Your Comment

You are replying to: .
captcha