کوردپرێس:
ئێواره‌ى ڕۆژی پێنجشه‌ممه 2021/1/28 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ماتیوو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عێراق كۆبووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر ڕۆب واڵه‌ر به‌شدار بوو، بره‌ودانى زیاتر به هاوبه‌شى و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان تاوتوێ كرا و جه‌خت له گرنگیى هاوكاریى ئاژانسه‌كانى ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ئاژانسى ئه‌مه‌ریكى بۆ په‌ره‌پێدانى نێوده‌وڵه‌تى و ئاژانسه‌كانى دى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له بواره‌كانى كارگێڕى و ته‌كنیكى و یارمه‌تیدانیان له پرۆسه‌ى چاكسازیدا كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له دهرفهتهكانى وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ریكى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرا و جه‌خت له گرنگیى ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار و كه‌شێكى هانده‌رانه بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى بیانى له وڵات كرایه‌وه به‌تایبه‌تى له‌ڕووى یاسایى، دادوه‌رى و بانكدارییهوه تاكو بتوانن له هه‌موو بواره‌كاندا سوودێكى زیاتر له سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ریكى و بیانى به‌گشتى ببینن.
دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و كرده‌وه‌كانى داعش و گرنگیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه، به‌رده‌وامیى پشتیوانیى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشى پێكهاته‌كان و ئاواره و په‌نابه‌ران، پێویستیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه كوردستانییه‌كان، گرنگیى پاراستنى ئازادیى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕین له هه‌رێمى كوردستان و چه‌ندین بابه‌تى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوون.
Your Comment