ئەمریکا و یوئێن فشاریان لە سەر بەغدا دروست کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، پێیوایە ئەگەر هەردوو لایەنی بەغدا و هەولێر نەگەڕێنەوە سەر پشکی17%ی هەرێمی کوردستان لە بودجە و پێداگری لە سەر ژمارەی فەرمانبەران بکەن، ناگەنە دەرئەنجام.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ نەبی بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: هەولێر و بەغدا ئەگەر هەر یەکەیان پێداگری بکەن لە سەر ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە هەریەکەیان ژمارەیێک دەڵێن، ئەوا ناگەنە هیچ ئەنجامێک، بۆیە باشترە بگەڕێنەوە سەر17% بوجەکە و جارێ واز لە ژمارەی فەرمانبەران بێنن. چوونکە لە ساڵی 31-10-2013 تاوەکوو 2017کە من لە بەغدابووم بەشە بودجەی17%یمان بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد و هیچ پەیوەندییێکی نەبوو بە ژمارەی فەرمانبەران. ئەوە موعادەلەیێکە لە سەر کۆی گشتی هەژمار دەکرێت و پەیوەندیی بە ژمارەی فەرمانبەرەوە نییە.

لە بارەی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو شاندە ئابووریەی دەچنە بەغدا چەندە دەتوانن 17% بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێننەوە؟ فازل نەبی گوتی: بۆ بابەتی 17% هەرێمی کوردستان لایەنی یاسایی بەدەستەوەیە. چوونکە ئەو رێککەوتنەی کراوە کە 17% بۆ هەرێمی کوردستان بێت تاوەکوو ئەنجام دانی سەرژمێری رێککەوتنەکە لەگەڵ حکوومەتەکەی ئەیاد عەلاوی کراوە. حکوومەتەکەی عەلاوی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردنی هەبووە. بۆیە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتەکەی عەلاوی کرابێت رووی یاسایی وەرگرتووە.

بە بڕوای فازڵ نەبی ئەگەری هەیە بەو نزیکانە حکوومەتی عێراق کاتێک دیاری بکات تاوەکوو شاندی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن.

رەشنووسی بودجەی ساڵی 2018 عێراق کە دانراوە زوڵمێکی زۆری لە ئاستی هەرێمی کوردستان تێدایە و خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمە باش دەزانێت. ئەوەشیان بە پێویست بینیوە کە دەبێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت. ئەویش بە دانووستاندن لە نێوان هەردوو لایەن دەکرێت. ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانکاری کردن لە رەشنووسی بودجە فشاریان لە سەر بەغدا هەیە.

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، گوتیشی: چۆنیەتیی گۆڕانکاری کردن لە رەشنووسی بودجە پەیوەستە بەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە دەچێتە بە‌غدا و لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکان گفتوگۆ دەکەن. جاران زۆربەی شاندەکان پرۆتۆکۆلی بوون و کۆنووس یان پێکهاتنێکی رەسمی لە نێوانیاندا نەبووە. بۆیە لێرە بەدوا هەر شاندێک کە دەچێتە بە‌غدا و گفتوگۆ دەکات دەبێت تایبەتمەند بێت و پەیوەندی بەو بوارەوە بێت کە گفتوگۆی لە سەر دەکرێت.

لە بارەی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەدا لە راپۆرتەکەی رووداو باسی ژمارەی فەرمانبەرانتان کرد، بەتایبەت لە دەزگا ئەمنییەکان، بەلای منەوە ئەو ژمارانە ژمارەی گەورە و نوێ بوون. لە وەزارەتی بەرگری و بە تەواوی عێراق ژمارەیان 280 هەزار کەسێک دەبێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی عێراق ژمارەی هەموو کارمەندەکانی پارێزگاکانی عێراقی ناگاتە 500 هەزار کەس. بۆیە ئەوان ژمارەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوەی خۆیان بەراورد دەکەن، رەنگە کەوتبنە گومان لەوەی ئەو ژمارەی هەرێمی کوردستان زیادەی تێدابێت. لە بەرامبەردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەئکید دەکاتەوە کە زیادە نییە و سیستەمی بایۆمەتری بەکار هاتووە.

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، گوتیشی: ئەوانەی دەڵێن بەشە بودجە لە سەر ئاستی پارێزگاکان بێت کردەییترە، لە جێگای خۆیدا نییە.

فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەدا لە عێراق بودجەی پارێزگاکان هەیە، لە هەمان کاتدا بودجەی حکوومەت و وەزارەتەکان هەیە. بودجەی وەزارەتەکان لە بودجەی گشتی دابەش ناکرێتە سەر پارێزگاکان. پارێزگاکان تەنیا بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکەیان وەردەگرن کە پێشتریش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش وەکوو هەر پارێزگایێکی دیکەی عێراق بودجەی پەرەپێدانیان هەبووە، بەڵام لە رەشنووسی بودجەی 2018دا لە بەغدا تەواوی بودجەی هەرێمی کوردستانیان دابەشی سەر پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کردووە. واتە هیچی بۆ حکوومەت و وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە. ئەوە هەڵەیێکی ستراتیژییە و نابێت بە هیچ جۆرێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە قبووڵ بکات.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8703

Your Comment

You are replying to: .
captcha