کۆڕبه‌ندی به‌رزڕاگرتنی یادی مامۆستا شه‌هریار له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ڕێوه‌ چوو

به‌شی تورکیا- به‌ هاوکاریی زانستگاکانی ئه‌سته‌نبۆڵ و ته‌ورێز و کۆنسووڵخانه‌ی ئێران له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ، یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییی به‌رزڕاگرتنی یادی مامۆستا شه‌هریار له‌ تورکیا به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییی به‌رزڕاگرتنی یادی مامۆستا محه‌مه‌د حسێن شه‌هریار به‌ هاوکاریی زانستگای ئه‌سته‌نبۆڵ، زانستگای ته‌ورێز و وابه‌سته‌ی فه‌رهه‌نگیی کۆنسووڵخانه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ کولێجی ئه‌ده‌بی زانستگای ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ڕێوه‌ چوو.

پڕۆفسۆر حه‌یاتی دووه‌لی، سه‌رۆکی کولێجی ئه‌ده‌بی زانستگای ئه‌سته‌نبۆڵ له‌و کۆڕبه‌نده‌دا ئاماژه‌ی دایه‌ کاریگه‌ریی به‌رانبه‌ری ئێران و تورکیا له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌تی هه‌ر دوو لا و وتی: "شه‌هریار چه‌ندین به‌رهه‌می به‌رجه‌سته‌ی به‌ زمانی فارسی و تورکی خولقاندووه‌ که‌ بۆته‌ هۆی نزیکبوونه‌وه‌ و به‌هێزکردنی هه‌رچی زیاتری فه‌رهه‌نگی هه‌ر دوو لا."

دوکتۆر محه‌مه‌د مه‌هدی پوور، سه‌رۆکی کولێجی ئه‌ده‌بی زانستگای ته‌ورێز له‌ لێدوانێکدا وتی: "مامۆستا شه‌هریار پێگه‌یێکی تایبه‌تی له‌ ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی ئێران بووه‌ و پێویستی به‌ پێداهه‌ڵگوتن و ستایش نییه‌."

پرۆفسۆر عه‌لی گوزه‌ل یۆز، به‌ڕێوه‌به‌ری گرووپی به‌شی زمانی فارسی کولێجی ئه‌ده‌بی زانستگای ئه‌سته‌نبۆڵ ڕوونیشی کرده‌وه‌: "شه‌هریار یه‌کێک له‌ خۆشه‌ویستترین شاعیرانی ئێرانی سه‌رده‌مه‌ و به‌ناوبانگترین هۆنراوی شه‌هریار کۆمه‌ڵه‌شیعری "حه‌یده‌ر بابایه‌ سلام"ه‌ که وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ندین زمانی دونیا."

سه‌ید محه‌مه‌د حسێن بێهجه‌ت ته‌بریزی ناسراو به‌ "شه‌هریار" له‌ ساڵی 1285ی هه‌تاوی (1906ی زایینی) له‌ ته‌ورێز له‌دایکبوو. ناوبراو له‌ شاعیرانی به‌ناوبانگی سه‌رده‌مه‌ که‌ به‌ زمانی تورکی، فارسی و عه‌ره‌بی شیعری هۆنیوه‌ته‌وه‌. گرینگترین به‌رهه‌می شه‌هریار، کۆمه‌ڵه‌شیعری "حیدر بابایه‌ سلام" و "سهندیه‌"یه‌ که‌ له‌ شاکاره‌ وێژه‌ییه‌کان و زمانی تورکیی ئازه‌ربایجان دێته‌ ئه‌ژمار.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئانادۆڵۆ

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8673

Your Comment

You are replying to: .
captcha