30 حزب و لایەنی کوردی سووریا: دەستورێكی بنەڕەتی ئێمەی تێدا نەبین قبوڵی ناكەین

بەشی سووریا- پاش ئەوەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری بنەڕەتیی سووریای ڕاگەیاند دەرکەوت کە بەشداری بە هەموو پێکهاتە و لایەنەکانی سووریا نەکراوە بۆ نووسینەوەی دەستوور هەر بۆیەش 30 حیزب و لایەنی سووری ناڕەزایییان لەبارەی کۆمیتەکەوە دەربڕی.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 24ی ئەیلوولی 2019 لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كۆمیتەی نووسینەوەی دەستوری بنەڕەتیی سووریا دامەزراوە، لە بەرانبەردا 30 حزب و لایەنی باكوور و خۆرهەڵاتی سووریا لەوبارەیەوە راگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە و دەڵێن "ئێمە لە نووسینەوەی دەستوورێكی بنەڕەتیدا بەشدار نەبین، ئەو دەستوورە قبووڵ ناكەین".

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمدوایانەدا رایگەیاند، لایەنەكانی سوریا رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی كۆمیتەیەك بۆ نوسینەوەی دەستوری سوریا، گۆتێرێز ئەو رێككەوتنەی بە هەنگاوێكی بنەڕەتی لە پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرەكردنی كێشەكانی سوریا لێكدایەوە و لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان وتی (ئێستا رێككەوتنێك لەنێوان هەموو لایەنەكان لەسەر دروستكردنی كۆمیتەكە هەیە)، ئەو قسانە دوای ئەوە دێت، كە توركیا، روسیا و ئێران لە لوتكەی سێقۆڵی لە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ئەنقەرە بڕیاریاندا كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور لە زوترین كاتدا دەستبەكارەكانی بكات. ئەوە نیشانی دەدات ئەو لایەنانەی رێككەوتون و بەو ئەنجامە گەیشتون لایەنی سوری نین، بەڵكو لایەنی تورك و روس و ئێرانین، ئەوانەش هەوڵدەدەن چارەسەرییەكی سیاسی بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان لە سوریا روبدات، نەك لەسەر بنەمای ئامانج و داخوازی گەلی سوریا".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، هێز و رێكخستنە سیاسییەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لەكاتێكدا جەخت لەسەر گرنگیی چارەسەریی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا دەكەنەوە، دیسانەوە رایدەگەیەنن بەبێ دیالۆگی چالاكانە و جدیی سوری – سوری بە ئامانجی بەشداریی هەموو لایەنەكانی سوریا چارەسەری بەدی نایەت، بە بەشداریی ئەو هێزانە سوریا دەبێتە بەردەبازێك و یاریگەیەك بۆ بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كە بەرژەوەندیی گەلی سوریای تیادا پشتگوێدەخرێت، ئەو دەستورە بە كەمی و لاوازانە و بە دوور لە هیوای گەلی سوریا و هەموو پێكهاتەكان و خەونەكانیان بۆ ئازادی و گۆڕانكاری دەبێت، ئەگەر دەستورێك لە ئەنجامی كاری ئەو كۆمیتەیەوە بنوسرێت، دانی پیادا نانێن، چونكە نوێنەرایەتیی هەموو سوریا ناكات، لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، پێویستە نوێنەرایەتیی ئێمە لە دانوستانەكانی سوریا و هەموو كۆمیتەكانی پەیوەندارەكاندا هەبێت.

News ID 86560

Your Comment

You are replying to: .
captcha