کوردپرێس:
گیونول تول بەڕێوەبەری بەرنامەی تورکیا لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە یادداشتێکی کورتدا باسی هەوڵەکانی تورکیای کردووە بۆ گەڕاندنەوەی پتر لە 3 ملوێن ئاوارەی سووری بۆ وڵاتی خۆیان و جێگیرکردنیان لە باکووری سووریا و وتوویەتی ئەو مەسەلەیە دەیسەلمێنێت کە ڕووخاندنی حکوومەتی سووریا چیتر لە لایەن ئەردۆغانەوە پەیڕەو ناکرێت.
نووسەری یادداشتەکە جەختیشی کردۆتەوە لە سەرەتای قەیرانەکەی سووریا و سەرهەڵدانی ناڕەزایی لەو وڵاتە بەرنامەی ڕووخاندنی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا پەیڕەو کرا بەڵام ئەنقەرە لەو پلانەی خۆیدا فەشەلی هێنا و ئێستاش ناچارە سەرنجی خۆی بگوازێتەوە بۆ باقی پێشهاتەکانی سووریا کە لە داهاتوودا شوێندانەریی خراپی لەسەر تورکیا دەبێت.
ناوبراو بڕوای وایە کە ئێستا تورکیا لەباری ئابوورییەوە تواناکانی سنووردارە و کێشەی سەرەکیی ئێستای تورکیا، بوونی 3.6 ملوێن ئاوارەی سوورییە و ئەو مەسەلەیەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە نێوان چینی نەتەوەخوازی تورکیا کە ئەردۆغان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا پێویستی بە دەنگی ئەو چینە نەتەوەخوازە هەیە.
گیونول تول لە درێژەی یادداشتەکەیدا کە ماڵپەڕی پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت: ئەردۆغان بە سەرنجدان بە دوا پێشهاتەکانی سووریا پلانی کارکردنی خۆیی گۆڕیوە و ئێستاش گەشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە بەرنامەی ڕووخاندنی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بگۆڕێت و پێویستە لەم قۆناغەدا بیر لە ئەولەویاتەکانی تر بکاتەوە.
بەڕێوەبەری بەرنامەی تورکیا لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەنانەت لە سەر ئەو بڕوایەشە کە هێرش­کردنە سەر کوردی سووریا پلانی یەکەمی ئەردۆغان نابێت ئەگەرچی چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنیشی کردووە.
گیونول تول دەشڵێت ئەولەویاتی یەکەمی ئەردۆغان ئەوەیە 3.6 ملوێن ئاوارەی سووری یەک بخات و کێشەی ئاوارەکان یەکلا بکاتەو و بیاننێرێتەوە باکووری سووریا بۆیە بەرپەرچدانەوە یان خود هێرشکردنە سەر کوردەکانی سووریا ئەولەویاتی دووهەمی ئەردۆغانە لە سووریا.
Your Comment