کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2019 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نووری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق کرد و دیداری نێوان ئەو دوو لایەنە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا نووری سەباح دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نووری سەباح دلێمی رایگەیاند، ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکرێن.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لەسەر بنەمای دەستوور. هیواداریشن سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بە شێوەیێک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سەرژمێریی دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجام بدرێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، سەرژمێری کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێبینیی لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لەبەرچاو بگێرێن.نابێ سەرژمێری وەکوو کارتێکی سیاسی لە دژی هیچ پێکهاتەیێک بەکار بهێندرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment