کوردپرێس: لە گۆڤاری هەفتانەی سروشتدا کە گۆڤارێکی نێودەوڵەتییە، دوێنێ بڵاو کراوەتەوە کە ژمارەیێک لە زانا و توێژەرانی نێودەوڵەتی لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەمەوە بۆشاییێکی نهێنییان لەناو هەڕەمی خۆفۆدا دۆزیوەتەوە کە درێژییەکەی ٣٠ مەترە.
لەکاتی گەڕان بەدوای نهێنییەکانی هەڕەمەکەدا، زاناکان لەناو ژووری هاوسەری خۆفۆدا کە پێشتر دۆزراوەتەوە لەڕێگەی بەکارهێنانی ئامێری پشکنەرەوە بۆیان دەرکەوتووە کە بۆشاییێکی نهێنی هەیە و دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ژوورەکەوە.
هاوکات سێ تیمی فیزیاییی دیکە بۆ دڵنیابوون لەو دۆزینەوەیە چەند جارێک پشکنینەکەیان ئەنجام داوەتەوە و ئەوانیش بۆیان دەرکەوتووە کە بۆشاییێک نهێنی هەیە لەسەر ژوورەکەی هاوسەری خۆفۆوە.
بە بۆچوونی ئەو زانایانە ئەگەری هەیە بۆشاییەکە ئاسۆیی بێت یان هاوشێوەی ئەو ژوورە بێت کە کەلوپەلەکانی خۆفۆ و هاوسەرەکەی تێیدان، بەڵام تا ئێستا نازانرێت کە چی لەناو ئەو بۆشاییەدا هەیە.
محەمەد ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی شوێنەواری مێژوویی میسر ڕایگەیاندووە، هەر تەکنەلۆجیایێک ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەڕەمەکە بە هیچ شێوەیێک ڕێگە نادەن بەکاربهێنرێت جا لەلایەن هەر تیمێکەوە بێت.
هەڕەمی مەزنی میسر کە بە هەڕەمی خۆفۆ ناسراوە گەورەترین هەڕەمە لە جیهاندا و مێژووی دروست کردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، درێژییەکەی ١٣٩ مەترە و پێشتر سێ ژووری دیکەی تێدا دۆزراوەتەوە کە بریتین لە ژوورەکەی فیرعەون خۆفۆ، هاوسەری خۆفۆ و ژوورێکی تریش کە کەلوپەلەکانیانی تێدایە.
تا ئێستا چەندین هەڕەم لە میسر دۆزراونەتەوە، بەڵام سێ هەڕەمە گەورەکەی جیزە دیارترینیانن و بوونەتە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment