بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لەمیانی بەشداری كردنی لە رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆركردنی محەممەد باقر حەكیم لە بەغدا لە وتەیەكدا وتی، دەستووری عێراق گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتییە و ناكرێت پشتگوێ بخرێت، پێویستە لەمەودوا گرنگی پێ بدرێت، چوونكە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا دەستوور مافی هەمووان دەستەبەر دەكات و بنەمایە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حكوومەتێک كە خزمەتی هەمووان بكات.
ناوبراو روونیشی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور و ئەو رێككەوتنانەی بۆ پێكهێنانی حكوومەت كراون پشتیوانی محەممەد شیاع سودانی دەكەن و هیوادارن هەموو ئەو خاڵانە جێبەجێ بكات كە لە پێكهێنانی كابینەكەی بەڵێنی داوە، هەروەها پشتیوانی دەكەن بۆ ئەوەی روانگەیەک بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی بێتە ئاراوە و هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە بەغدا بەپێی ماددە دەستورییەكان رێز لە هەرێم و هەموو ناوچەكانی عێراق بگرێت و مافەكانیان بدات، بێگومان بە جێبەجێ كردنی دەستوور بەغدا بەهێزتر دەبێت و پشتیوانی ئەوە دەكەن حكوومەتێكی بەهێز لە عێراق هەبێت.
Your Comment