بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رێگاکانی پتەو کردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لەسەرجەم ئاست و بوارەکان تاوتوێ کراوە، بەشێوەیەک کە لە خزمەت بەرژەوەندیی هەردوو گەلی عێراق و ئەمریکادا بێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە کراونەوەی حکوومەتی عێراق بە ئاڕاستەی هاریکاریی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا کردۆتەوە و هەروەها جەختیشی لە توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیدان بەو سەقامگیرییە کردۆتەوە کە لە ئەنجامی قوربانیدان لەسەر خاکی عێراق بەدەست هاتووە.
لای خۆیەوە برێت مەکگۆرک جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەرکەوتنی حکوومەتی ئێستای عێراق کردۆتەوە و راشیگەیاندووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنی راوێژ بە هێزە عێراقییەکان لەشەڕیاندا دژبە داعش.
هەروەها مەکگۆرک پایەندیی ئیدارەی ئەمریکای بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و پشتیوانی بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی عێراق لە بواری وزە و ژێرخانی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، دووپات کردۆتەوە.
برێت مەکگۆرک رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پێشوازی لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی پڕۆژە هاوبەشەکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری دەکات لە بواری ژێرخانی ئابووریدا و پێشوازی وڵاتەکەیشی بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ واشنتۆن دەربڕیوە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.
Your Comment