بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسعەد زوعبی، یەکێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێشتر پلەی عەمید رووکنی لە سوپای سووریادا هەبووە، لە توویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر لەبارەی کوردەوە دەڵێت: "هەر کاتێک راستیی سیفەتەکانی رێکخراوی تیرۆریستی کوردی پەیەدەمان ئاشکرا کردبێت، ژمارەیێکی زۆر لە ئاژەڵ دەردەکەون، کەر دەزەڕێنێ، سەگ دەحەپێنێ، بۆق دەقیڕێنێ، سیسرکە، جورج، کرمۆڵەی زۆر دەردەکەون".
هەروەها نووسیویەتی "پێویست بە بەکارهێنانی دەرمانی قەڵاچۆکردن ناکات بۆ ئەو حەشەراتانە، تەنها وشەی سەدام بەسە بۆئەوەی بە خێرایی دەرکەوتنی ئەمانە نەمێنێت، بۆیە ئەمە وامان لێدەکات بەردەوام رەحمەت لە سەدام بکەین و خودا رەحمی پێبکات".
عەبدولکەریم سارووخان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەیەدە لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەو جۆرە لێدوانانە عەقڵیەتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاشكرا دەكات، ئەمە پەیامێكی روونە نەک تەنها بۆ كورد بەڵكوو بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە بەعەرەب و سریان و پێكهاتەكانی دیكەشەوە، هەروەها ئەو عەقڵیەتە بانگەشەی ئەوە دەكات كە سووریا لەڕێگەی ئەوانەوە هەڵدەستێتەوە لە حاڵەتی نادیموكراتی بۆ حاڵەتی دیموكراتی، لەكاتێكدا تەواوی گەلانی دیكەی سووریا قبووڵ ناكەن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment