ئێران: بۆ قۆناغی سێهەمی کەم­کردنەوەی پێبەندبوونمان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاوێژ بە ڕێبەری باڵا دەکەین

بەشی ئێران/ کوردی- سکرتێری وزەی ئەتۆمیی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بەم زووانە هەنگاوی سێهەم بۆ کەم کردنەوەی پێبەندبوونیان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵدەگرن و بەو مەبەستەش ڕاوێژ بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیان دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس 22ی گەلاوێژ بەرانبەر 13ی ئابی 2019 عەلی ئەکبەر ساڵحی سکرتێری وزەی ئەتۆمیی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند قۆناغی سێەمی کەم کردنەوەی پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی وڵاتانی 4 کۆ یەک دەست پێدەکات و بەو مەبەستەش ڕاوێژ بە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دەکەن.

ساڵحی ئاماژەی بە خەمساردیی وڵاتانی دیکەی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد کە پاش کشانەوەی ئەمریکا و یەک ساڵ پشوودرێژیی ئێران هیچ هەنگاوێکیان بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی ئێران هەڵنەگرت و سەرەڕای ئەوەی ئێران لە دوو قۆناغی ڕابردوودا دەرفەتی دوو مانگەی بە وڵاتانی ئەورووپی دا بەڵام دیسان هیچ هەنگاوێکی کردارییان هەڵنەگرت بۆیە ئەگەر تا ماوەی دیاریکراو کارێکی ئاشکرا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئێران نەکرێت ئەوا هەنگاوی سێهەم بە بڕشتەوە هەڵدەگیرێت.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئێستا لە هەلومەرجێکدا نیە بتوانێت لەبارەی چەند و چوونی هەنگاوی سێهەمەوە باس بکات بەڵام هەرچی بێت ڕاوێژ بە ڕێبەری باڵای ئێران دەکرێت و هەموو ڕەهەندەکان لەبەرچاو دەگیرێن.

شایانی باسە ئێران یەک ساڵ پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە بەرجام دانی بە خۆدا گرت و پاش یەک ساڵ وەک دەرفەت لە دوو قۆناغی دوو مانگەدا دەرفەتی بە وڵاتانی دیکەی واژۆکاری بەرجام دا کە دژ بە کشانەوەی نایاساییی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە هەڵوێست وەربگرن و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی ئێران هەنگاوێکی کرداری هەڵبگرن بەڵام ئەوەی دیارە ئەورووپا تا ئەم کاتەش جگە لە هەڵوێستی زارەکی هیچ هەنگاوێکی کرداریی هەڵنەگرتووە و ئەگەر تا دەرفەتی دیاریکراو جووڵەیێک ڕوو نەدا ئەوا ئێران قۆناغی سێهەمی کەم کردنەوەی پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

News Code 75680

Your Comment

You are replying to: .
captcha