عێراق دەروازەیێکی سنووریی لەگەڵ ئێران دادەخات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەروازەی سنووریی مەندەلی لە پارێزگای دیالە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران داخرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریق روکن محەممەد حەمید کازم، سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژی 7ی ئەم مانگە، پاڵپشت بە رەزامەندی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، نووسراوێکی بۆ دەستەی دەروازە سنوورییەکان ناردووە.

لە نووسراوەکەدا، عەبدولمەهدی لەبارەی پێشلکارییەکانی دەروازەی سنووریی مەندەلی، تێیدا ئاماژەی بەوە کردەوە سەرۆکوەزیران رەزامەندی داوە لەسەر داخستنی دەروازەکە و گواستنەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو دەروازە بۆ دەروازەیێکی دیکە.

قاسم مەعمووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە لێدوانێکدا لەمبارەیەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، دانی بەوەدانا کێشە و کەموکورتی لە بەڕێوەبردنی دەروازەکەدا هەبووە و دەڵێت: "لایەنێک لەو دەروازە سنوورییە باڵادەست بووە و دەستووەردانی کردووە".

مەعمووری دەڵێت "پێویست بوو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی ئەو کەسانە نەهێڵێت و رۆڵی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و حکوومەتی تێدا بەهێز بکات، نەوەک بەبێ ئاگاداری و گەڕانەوە بۆ رای حکوومەتی خۆجێی دیالە ئەو بڕیارە دەربکات، چوونکە دەروازەیێکی زۆر گرنگە و بە شادەماری ئابووریی ناوچەکە دادەنرێت".

لەبارەی داهاتی دەروازەکە پێشتر عادل موحسین کازم، لە دەروازەی گومرگی مەندەلییەوە راگەیاندبوو "داهاتی دەروازەی سنووری مەندەلی مانگە نزیکەی 600 بۆ 700 ملیۆن دینارە، ئەگەر خزمەتگوازری بۆ دابین بکرێت، داهاتەکەی زیاتر دەبێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75634

Your Comment

You are replying to: .
captcha