کوردپرێس:
فەرهاد تەلۆ سەرۆکی پارتی یەکگرتووی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ململانێی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و دەڵێت: بەگشتی دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاقارێکی باشدا نیە و لەم نێوانەشدا ئەردۆغانیش بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی شەڕەکەی خۆی دەگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و قەندیل و لیبیا و سووریا و قەرەباغ و ....
فەرهاد تەلۆ زیادیشی کرد: بە ئاشکرا دیارە کە دەوڵەتی تورکیا لە ناکۆکیی نێوان ئەو دوو لایەنەدا دەستی هەیە و نیازیەتی هەردوو لایەنەکە پەلکێشی شەڕی ناوخۆی 21 ساڵی ڕابردوو بکات.
ناوبراو گوتیشی: تەوەرێکی دیکەش مەسەلەی گوشارێکە کە وڵاتانی هەرێمی دەیخەنە سەر هەرێمی کوردستان و ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەرێم نەتوانێت بە شێوەی پێویست وەڵامی بۆ کێشەکان هەبێت.
سەرۆکی پارتی یەکگرتووی لیبراڵی کوردستانی سووریا لەبارەی دامرکانی ئاگری شەڕی میدیاییی نێوان هەردوو لایەنەکە وتی: بە بڕوای من لە ئەنجامی گوشارەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا، پەکەکە و پارتی تا ڕادەیێک تووڕەییی خۆیان خواردۆتەوە و هەر دوو لا حیکمەتێکیان بۆ دابەزاندنی تەنگەژەگان هەڵبژاردووە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: هەر دوو لا دەزانن کە لە هەلومەرجێکی باشدا نین و هەڵدانەوەی لاپەڕەیێکی دیکەش لە ململانێی نێوانیان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان ناکات. هەر بەو بۆنەیەشەوە هەوڵیان داوە تەنگەژەکان کەم بکەنەوە.
فەرهاد تەلۆ بیریشی هێنایەوە کە ئارام کردنەوەی دۆخەکە کارتێکەر دەبێت لە دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا و هەموو جۆرە ناهەماهەنگییێکی نێوان ئەو دوو لایەنە شوێندانەریی لە سەر پڕۆسەی دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردی سووریا دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە لایەنەکان بگەنە حیکمەتێک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان و هەوڵ بدەن براکوژی بکەن بە هێڵی سوور و ئالوودەی یاریی بێگانەکان نەبن.
Your Comment