فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت دانیشتنەکانی پەرلەمان پەکبخات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت: "تائێستا فراکسیۆنەکەمان بڕیاری کشانەوەی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان نەداوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت دەتوانین دانیشتنەکانی پەرلەمان پەکبخەین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکۆ ئازاد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەشداری کردنیان لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەگەر یەکێتی لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێککەوتن، دەتوانن بایکۆتی حکوومەت بکەین یاخود بکشێینەوە، هەموو رێگاکان کراوەن، بەڵام لە پڕۆسەی سیاسی ناکشێینەوە.

سەبارەت بە کاری پەرلەمانیش، سەرکۆ ئازاد دەڵێت: "تائێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە کە فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکات، بەڵام لە ئەگەری رێککنەکەوتن، فراکسیۆنی یەکێتی دەتوانێت دانیشتنەکان پەکبخات، چونکە هێزی ئەوەی هەیە کە ئەو کارە بکات."

لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆ ئازاد گوتی: "دەگوترا رۆژی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای کار و ئاڵۆگۆڕکردنی پۆست لەنێوان هێمن هەورامی و زانا مەلا خالید و دەستلەکارکێشانەوەی چەند پەرلەمانتارێکی دیکە کۆدەبێتەوە، بەڵام وادیارە دەستەی سەرۆکایەتی رێککنەوتوون بۆیە دانیشتنەکە لەو بەروارە ناکرێت."

رێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی بە رووداوی گوت: "نە پارتی نە یەکێتی دەرگای گفتوگۆیان دانەخستووە، هەر کێشەیەک لە نێوانیان هەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەتوانن چارەسەری بکەن، ئەوان بەیەکەوە حکومەتیان پێکهێناوە و دەتوانن پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن."

لەمبارەوە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پێویستە بابەتی هەبوونی گلەیی لە کار، لە کۆبوونەوەکان و لەسەر مێزی گفتوگۆی دوولایەنە باسبکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، بە یەکێتیمان راگەیاندووە کە ئامادەی دانیشتنین لەگەڵیان، بەڵام تائێستا کاتێک بۆ ئەم دانیشتنە دیاری نەکراوە."

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە 26-10-2022ەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات. هاوکات شەوی رابردوو، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداریی وەزیرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتنە بەغدا بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.

هاوکات سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاندووە، "تیمی یەکێتی بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناکەن تاوەکوو ئەوکاتەی ئەو گلەییانەی هەیانە لەم کابینەیە، دەڕەوێندرێنەوە."

News Code 7414

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
captcha