هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پێکهێنانی حکوومەتێک دەکات کە بە بێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییانی عێراق بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و داوای کرد کێشەکانی هەرێم و بەغدای کرد لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەنراوێکدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بووینەوە و تیشکمان خستە سەر بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "دووپاتمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار دەکات کە بە بێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییانی عێراق بکات و لە سەر بنەمای دەستووریش کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکات، هەروەها جەختمان لە گرنگیی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان کردەوە".

بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، بە تایبەتی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و بەبازاڕکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی کردەوە، کە بڕیارە لەم ڕۆژانەدا، بەربوومی ناوخۆیی بنێردرێتە بازاڕەکانی دەرەوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئاماژەمان بە چاکسازییەکانی بواری دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتیی کرد و باسمان لە پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی کرد، لە پێناو برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی".

مەسروور بارزانی دەشڵێت: "دووپاتیشمان کردەوە، کە ئامانجی سەرەکیمان، بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش پەیوەستە بە گرنگیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، جەختیشمان لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".

News Code 7168

Your Comment

You are replying to: .
captcha