ناکۆکییە سیاسییەکان دەبێت لەناو په‌رله‌مان چارەسەر بکرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، پێویسته‌ په‌رله‌مان کارا بکرێته‌وه‌ و کێشه‌ و ململانێ سیاسییه‌کانی تێدا چاره‌سه‌ر بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند: "ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی کاره‌کانی په‌رله‌مان، ناکرێت ناکۆکی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ره‌قه‌ی په‌رله‌مان به‌جێ بهێڵرێت، پێویسته‌ هه‌مووان به‌بێ هیچ مه‌رجێکی پێشوه‌خته‌ به‌شداری گفتوگۆ بکه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان".

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ دامه‌زراوه‌ی یاسادانانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، هه‌ربۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مان پرسێکی پێویسته‌، یاسا داراییه‌کانمان په‌سه‌ند کردووه‌، پێویسته‌ چاودێرییان بکرێت، هه‌روه‌ها شوێنی لێکتێگه‌یشتنی سیاسی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندایه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی کاره‌کانمان، ڕێگه‌ ده‌دات به‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لی جۆراوجۆر و نابێت هیچ ناکۆکیه‌کی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌بێت".

سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ده‌شڵێت: "ئێمه‌ په‌رۆشین بۆئه‌وه‌ی کاری یاسادانان و سیاسی بگه‌ینه‌ دۆخێکی گه‌وره‌تر و سه‌قامگیرتر، که‌واته‌ سوودی زۆرینه‌ چییه‌ به‌بێ بوونی کۆده‌نگی و چۆن هه‌مووان به‌بێ بوونی یاسادانان، کاره‌کانیان جێبه‌جێ ده‌که‌ن".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "ئێمه‌ به‌دوای کۆکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێین، هه‌روه‌ها ده‌ستمانکردووه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌دا، چاوه‌ڕێی رۆژانی داهاتووش ده‌که‌ین، هه‌روه‌ها بوار ده‌ده‌ین بۆ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتنی زیاتر".

حەلبووسی ئاشکراشی کرد، "دانوستان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت له‌ڕێگه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌ ده‌ستیپێکردووه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حکوومه‌تی نوێ کراوه‌ که‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ بارودۆخی ئابووری و ئه‌منی و ئاشتی کۆمه‌ڵگه‌وه‌، زۆرێک له‌ بڕگه‌کانی تاوتوێ کراون و گفتوگۆیان له‌سه‌ر کراوه‌".

News Code 7109

Your Comment

You are replying to: .
captcha