بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا فهرماندهی ناوهندی ئهمریکا دەڵێت زۆرینەی دانیشتووانی کەمپی هۆل کەلەژێر کونترۆڵی کوردانی سووریایە ئەندامی بنەماڵەی چەکدارانی داعشن کە لە ساڵی 2019 لە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشدا واتا باغوز هەڵاتن.
ناوبراو ئاماژەی دا بە ئۆپەراسیۆنی هێزە کوردییەکان لەناو ئەم کەمپە کە ٥٤ هەزار کەسی تێدایە و جەختی لەوە کردەوە کە لەڕێگەی سەربازییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانەدا ناکرێت، بەڵکوو تەنیا ڕێگە گەڕاندنەوەیانە بۆ کۆمەڵگا.
کوریلا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی ئەم کەمپەی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی سووریای کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، نیوەی دانیشتوانی ئەم کەمپە لەڕووی فیکرییەوە سەر بە داعشن، بەڵام نیوەی دیکەیان تەنیا ویستوویانە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان. نزیکهی نیوهی ئهوان عێراقین و 18 ههزار و 500یان هاووڵاتیی سووریان و ههشت ههزار و 500 کهسی دیکهشیان هاووڵاتیی وڵاتانی دیکهن.
فەرماندەکەی سێنتکۆم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا کە لە پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بە زووترین کات هاووڵاتییانی خۆیان لەم کەمپە دوور بخەنەوە.
ئەم فەرماندە باڵایە ئەمریکییە ئاماژەشی دا بەو ڕاستییەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنێکیان لەناو کەمپەکەدا ئەنجام داوە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەم فەرماندە باڵایەی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا دوو هێزی کوردی گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش دەریدەخات کە داعش لە ئەم کەمپە ئامادەیە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند چەک و تەقەمەنی لە کەمپەکە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دۆزراوەتەوە.
کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی کوردستانی سووریایە و نزیکەی 56 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێن. فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا باس لەوە دەکات، مانگانە نزیکەی 80 منداڵ لەو کەمپە لەدایک دەبن و هەربۆیەش ئەو کەمپە شوێنێکە بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی داعش و دەشڵێت: "نزیکەی 70٪ی دانیشتووانی کەمپەکە لە خوار تەمەنی 12 ساڵییەوەن. ئەوانیش مەترسیی ئەوەیان لەسەرە پەڕگیربکرێن، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە سەختەی لە کەمپەکەدا بەسەری دەبەن".
Your Comment