بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ى ئاژانسى ڕۆژنیوزی زمانحاڵی په‌که‌که، شه‌وى ڕابردوو لەنێوان کاتژمێر (7:30 بۆ 8) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی گرووپێکى چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیای کردووە لە سنووری شارەدێی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، لەکاتێدا ویستویانە لە ناوچەیەکەوە بچنە ناوچەیەکی دیکە.
ئەو ئاژانسە بڵاویشی کردۆته‌وه، "لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییە هاوبەشەکەی سوپای تورکیا و پێشمەرگەکانی پارتیدا لە خەلیفان، کە دژی گروپێکی پێنج کەسیی پەکەکە ئەنجام دراوه دوو چەکدار گیانیان له‌ده‌ست داوه و سێ کەسی دیکەشیان بە برینداریی لەلایەن پارتیه‌وه بەدیل گیراون".
ئاژانسه‌که پشتى به‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌تى خۆى به‌ستوه و بڵاوی کردۆته‌وه، "چەکدارانی پارتى لە ناوچەکە زانیاریی هەواڵگرییان لەبارەی ئەو گرووپە گەریلایەوە داوەتە سوپای تورکیا و ئەوانیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان کردوون، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو گەریلا گیانیان له‌ده‌ست داوه و سێ گەریلاش بەبرینداریی کەوتونەتە دەست پارتى".
ئەو ئاژانسە له‌باره‌ى برینداربوون و به‌دیلگیرانى سێ چەکدارەکەی پەکەکەشەوە باس له‌وه دەکات: "ئه‌وان لە هێرشە ئاسمانییەکەى تورکیا ڕزگاریان بووە و دواتر لەلایەن هێزێکى پارتیه‌وه گەمارۆ دراون و هەوڵیان داوە بەدیل بیانگرن، بەڵام چەکدارانی پەکەکە ڕووبەڕوویان بوونه‌ته‌وه و لە ئەنجامیشدا بە برینداریی کەوتونەتە دەست هێزه‌که‌ى پارتى".
په‌که‌که ئه‌وه‌شى وتووه، "ئه‌گه‌رچى شه‌و وا بڵاو کراوه‌ته‌وه گوایه تورکیا ئۆتۆمبێلێکى په‌که‌که‌ى بە ئامانج گرتووە و چەکدارە بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئه‌وه ڕاست نییه و هیچ ئۆتۆمبێلێکى پەکەکە له‌و ناوچه‌یه نه‌بووه و سه‌رجه‌م چەکدارەکان پیاده بوون".
سه‌ربارى ئه‌و زانیاریانه‌ى بڵاو کراونه‌ته‌وه، تائێستا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئه‌و هێرشه‌وه بڵاو نه‌کردۆته‌وه.
Your Comment