باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا: بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر پشتیوانییه‌کانی له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕای‌گه‌یاند: وڵاته‌که‌یان ڕێکاره‌کانی له‌ دژی چوار که‌سایه‌تیی عێراق گرتۆته‌به‌ر که‌ به‌ که‌یسی گه‌نده‌ڵی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤه‌وه‌ تێوه‌گلاون و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌سه‌ر سزادانی به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌کانی عێراق.

کوردپرێس:

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئه‌مریکا سزای ئه‌و چوار که‌سه‌ی داوه‌ به‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌درێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ دامه‌زراوه‌یێکی دارایی و کۆمپانیایێکی ئه‌مریکیدا بکه‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڤیزای سه‌ردانکردنی وڵاته‌که‌شیان پێ نادرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو گرتنه‌به‌ری ئه‌و ڕێوشوێنه‌ پشتیوانی‌کردنه‌ له‌ کاره‌کانی حکوومه‌تی عێراق و سه‌رجه‌م عێراقییه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن و مافه‌کانی مرۆڤ پێشێل ده‌که‌ن.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا باسی له‌وه‌ش کردووه‌ که‌ وڵاته‌که‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ پێشێل‌کردنی مافه‌کانی مرۆڤ و چه‌وساندنه‌وه‌ی که‌مینه‌ ئایینه‌کان تێوه‌گلاون، هه‌مان هه‌ڵوێستیشی به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ ده‌بێت که‌ پۆسته‌کانیان بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و قۆڕخکردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر حسابی هاووڵاتییان به‌کار ده‌هێنن.

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریکا به‌ تۆمه‌تی پێشێلکاریی مافه‌کانی مرۆڤ و په‌رده‌پۆش‌کردنی گه‌نده‌ڵی سزای به‌ سه‌ر چوار که‌سایه‌تیی عێراقدا سه‌پاند که‌ پێکهاتبوون له‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا جبووری و نه‌وفل عاکوب پارێزگارانی پێشووی نه‌ینه‌وا و ڕه‌یان سالم کلدانی و وه‌عد مه‌حموود ئه‌حمه‌د قه‌دۆ سه‌رکرده‌ی دیاری حه‌شدی شه‌عبی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65260

Your Comment

You are replying to: .
captcha