توێژه‌رێکی ناوه‌ندی وزه‌ی جیهانی: هه‌رێمی کوردستان پێویستی زۆری به‌ وزه‌ جێگره‌وه‌کان هه‌یه‌

به‌شی جیهان- توێژه‌ری ناوه‌ندی وزه‌ی جیهانی ده‌ڵێت: لە هه‌رێمی کوردستانی عێراق هەلی پێویست ڕەخساوە بۆ به‌کارهێنانی وزه‌ جێگره‌وه‌کانی خۆر و با به‌ مه‌به‌ستی ڕزگاربوون له‌ وابه‌سته‌یی به‌ نه‌وت و گاز هه‌یه‌ که‌ هۆکارێکی سه‌ره‌کییه‌ بۆ ڕێگری له‌ وابه‌سته‌ییی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی عێراق‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش کۆمپانیای نه‌وتی بی پیی به‌ریتانیا ئامارێکی بڵاو کرده‌وه‌ و باسی له‌وه‌ کرد که‌ پاشه‌که‌وتی نه‌وتی خاوی هه‌رێمی کوردستان نزیکه‌ی 45 ملیار به‌رمیل نه‌وت بووه‌ و ڕاپۆرتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش باس له‌ هه‌بوونی 2.8 بۆ 5.7 ترلیۆن مه‌تری سێجا گازی سروشتی ده‌کات. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان تاوه‌کوو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌ دروستی به‌کار بهێنێت و هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ کاره‌بای پێویست بخاته‌ به‌رده‌ستی پیشه‌ و به‌کارهێنه‌ران.

توێژه‌رێکی ناوه‌ندی وزه‌ی جیهانی ده‌ڵێت: هه‌رێمی کوردستانی عێراق پوتانسییه‌لی پێویستی بۆ به‌کارهێنانی وزه‌ جێگره‌وه‌کانی خۆر و با به‌ مه‌به‌ستی ڕزگاربوون له‌ وابه‌سته‌یی به‌ نه‌وت و گاز هه‌یه‌ و هۆکارێکی سه‌ره‌کییه‌ بۆ ڕێگری له‌ وابه‌سته‌ییی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی عێراق‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ش هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ر قه‌یرانه‌کانی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌پارێزێت.

ئیمیلی بۆرلینگ هاوس توێژه‌ری بواری وزه‌ له‌ ناوه‌ندی جیهانیی وزه‌ شرۆڤه‌یێکی له‌سه‌ر دۆخی وزه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام داوه‌ و ڕای‌گه‌یاندووه‌: هه‌رێمی کوردستان سه‌رچاوه‌گه‌لێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌وت و گازی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌بۆنه‌ی دۆخی نه‌گونجاوی جوگرافیایی و گیرخواردنی له‌ نێو چه‌ندین وڵات ناتوانێت به‌ شێوه‌یێکی گونجاو سه‌رچاوه‌ ژێرزه‌وینییه‌کانی وزه‌ به‌کار بهێنێت به‌م بۆنه‌وه‌ ده‌بێ بیر له‌ وزه‌ جێگره‌وه‌کان وه‌ک خۆر و با بکاته‌وه‌.

ناوبراو له‌ شرۆڤه‌که‌یدا که‌ له‌ گۆڤاری فارن پاڵسی بڵاو بۆته‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان ناچاره‌ به‌شێکی گرینگی نه‌وت و گازه‌که‌ی ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بکات ئه‌گینا ناتوانێت به‌ شێوه‌ی ئازادانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانییه‌کان بکات. ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ڕۆژانه‌ به‌شێکی زۆری نه‌وته‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌که‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌کات مومکینه‌ به‌ره‌وڕووی بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ش ڕاده‌ستی به‌غدا بکات ناتوانێت قه‌رزه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی به‌ وڵاتی تورکیا یان کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌ نه‌وت و گازییه‌کان بداته‌وه‌.

دوکتۆر بۆرلینگ هاوس ئاماژه‌ به‌ هه‌نگاوه‌کانی که‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات بۆ به‌کارهێنانی وزه‌ جێگره‌وه‌کان به‌ مه‌به‌ستی دابین‌کردنی کاره‌بای پێویست و ده‌ڵێت: باشتره‌ ئاوڕێکی جیدی له‌ به‌کارهێنانی وزه‌ جێگره‌وه‌کان بدرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌کانی به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌ی سروشتی وزه‌ی فوسیلی نه‌بێته‌ هۆکارێک بۆ کوژانه‌وه‌ی گڵۆپه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان.

سه‌رچاوه‌که‌ی بواری وزه‌ باس له‌ به‌کارهێنانی سه‌رکه‌وتووانه‌ی وزه‌ی جێگره‌وه‌ وه‌ک خۆر له‌ که‌مپی ئاواره‌کان ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: که‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاوڕێکی زۆری له‌و بابه‌ته‌ داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ڕۆژ به‌کارهێنانی وزه‌ی جێگره‌وه‌ له‌ دوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر زیاتر ده‌بێته‌وه‌.

سه‌عد محه‌مه‌د غه‌نه‌م کارناسی کۆمپانیای وزه‌ی سه‌وز یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین کۆمپانیاکانی دانانی سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با له‌ خوڕ له‌ عێراق ڕای‌گه‌یاندووه‌: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پرشنگی ساڵانه‌ی مامناوه‌ند به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی خۆر له‌ هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها هه‌بوونی بانی ئاست ساف ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆته‌ یه‌کێک له‌ باشترین ناوچه‌کان به‌ مه‌به‌ستی سه‌رمایه‌دانان له‌ به‌شی وزه‌.

ناوبراو ته‌ئکیدی کردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌وباره‌وه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یارمه‌تی به‌ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان بدات و هه‌نگاوه‌کانی بۆ په‌ره‌پێدان به‌ به‌کارهێنانی وزه‌ی خۆر هه‌ڵبگرێت ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ کاره‌بای خاوێن بۆ خه‌ڵک زیاتر ده‌بێت و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش ده‌توانێت وابه‌سته‌ییه‌کانی به‌ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی فوسیلی که‌م بکاته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا له‌ لێکه‌وته‌کانی گۆڕانکاریی بواری نه‌وت و گاز له‌ عێراق یان ڕێگای هه‌نارده‌کردنی له‌ ڕێگای تورکیاوه‌ پارێزراو ‌بێت.

توێژه‌ری بواری وزه‌ پێی وایه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان پوتانسییه‌لی گونجاوی بۆ به‌کارهێنانی وزه‌ی با هه‌یه‌ و ده‌نووسێت: خواسته‌کان بۆ به‌کارهێنانی وزه‌ی با له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌رز بۆته‌وه‌ و هه‌رێمی کوردستان له‌ دوو ناوچه‌ی شاخاوی پیرمه‌گروون و ئێزمر کریدۆری سروشتیی با هه‌یه‌.

توێژه‌ری بواری وزه‌ باس له‌ کێشه‌کانی به‌رده‌م به‌کارهێنانی وزه‌ی جێگره‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و پێشی وایه‌ که نه‌دانی قه‌رزی بانکی، بروکراسی ئێستا بۆ پێدانی مۆڵه‌ت به‌ کۆ‌مپانیاکان و نه‌بوونی مه‌یلی که‌رتی تایبه‌ت بۆ سه‌رمایه‌دانان له‌ بواری وزه‌ی جێگره‌وه‌ له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م وزه‌ی خاوێنن له‌ هه‌رێمی کوردستان.

دوکتۆر هاوس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که له‌ کاتی به‌ره‌وبوونه‌وه‌ی داعش‌ لاوازبوونی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕووی ئابووری خۆی نیشان دا و ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ بۆنه‌ی پاشهاته‌کانی دوای به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی له‌ده‌ست دا و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ هێشتا به‌ره‌وڕووی گه‌مارۆ و هه‌ڕه‌شه‌ی ئابوورییه‌ و ناچاره‌ دیکه‌ی سه‌رچاوه‌کانی وزه‌ جگه‌ له‌ نه‌وت و گازی سروشتی بۆ په‌ره‌پێدانی ئابوور به‌کار بهێنێت و له‌وباره‌وه‌ به‌کارهێنانی وزه‌ی با و خۆر باشترین بژارده‌یه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان.

ناوبراو ته‌ئکیدی کردووه‌ که‌ ده‌بێ هه‌رێمی کوردستان جۆره‌کانی سه‌رچاوه‌ی دابین‌کردنی وزه‌ی زیاتر بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ هه‌رێمییه‌کان و دۆخی جوگرافیایی و سیاسیی ده‌وروبه‌ری هه‌رێم که‌مترین کارتێکه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بێت. به‌کارهێنانی وزه‌ی نوێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ری ڕه‌ونه‌قی ئابووری و خزمه‌تگوزاری گشتی له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌ ڕاکێشانی سه‌رمایه‌ی نوێ و ڕه‌خساندنی هه‌لی کار له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو به‌رز ده‌کاته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65061

Your Comment

You are replying to: .
captcha