به‌ به‌شداریی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم ڕۆژی نیشتمانیی فه‌ڕه‌نسا له‌ ھه‌ولێر به‌رز ڕاگیرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ ئاماده‌بوونی کۆنسووڵی گشتیی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان ڕۆژی نیشتمانیی فه‌ڕه‌نسا به‌رز ڕاگیرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یادی 230یه‌مین ساڵڕۆژی نیشتمانیی فه‌ڕه‌نسا به‌ به‌شداریی هه‌ریه‌ک له‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکرات، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆکی په‌رله‌مان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ژماره‌یێک به‌رپرسی دیکه‌ی کوردستان و دیپلۆماتکاری فه‌ڕه‌نسی به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا دۆمینیک ماس کۆنسووڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر سه‌ردانه‌که‌ی هه‌فته‌ی رابردووی نێچیرڤان بارزانی وه‌ک نموونه‌ی به‌هێزی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ردوولا هێنایه‌وه‌ و گوتی "سه‌ردانه‌که‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆشکی ئێلیزێ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌هێزی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و پاریسه‌. ئێمه‌ شه‌ره‌فمه‌ند بووین که‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان یه‌کێک له‌ سه‌ردانه‌کانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ فه‌ره‌نسا ته‌رخان کرد که‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌و گرنگیدانه‌ی هه‌رێمه‌ به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاته‌که‌ی من".

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنگی فه‌ڕه‌نسا کرد له‌ یارمه‌تیدانی کورد له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ وه‌کوو ئێستا.

فه‌لاح مسته‌فا گوتی: "له‌کاتێکدا که‌ ڕۆژی نیشتمانیی فه‌ڕه‌نسا به‌رز ڕاده‌گرین، ئه‌و بنه‌ما و پره‌نیسپانه‌ به‌رز ده‌نرخێنین که‌ پێکه‌وه‌ گرێمان ده‌ده‌ن وه‌ک ئازادی، یه‌کسانی و برایه‌تی. ئێمه‌ شانازی به‌ په‌یوه‌ندیی مێژووییمان‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌که‌ین. هیچکات ئه‌و ڕۆڵه‌مان له ‌بیر ناچێت فه‌ڕه‌نسا و هاوپه‌یمانه‌ ڕۆژئاواییه‌کانی گێڕایان له‌ یارمه‌تیدانی ئێمه‌ بۆ سه‌پاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین و پاراستنی خه‌ڵکی کوردستان."

له‌ کۆتاییی ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا کێکی دۆستایه‌تیی نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن مه‌سعوود بارزانی و مه‌سروور بارزانی و کۆنسووڵی گشتیی فه‌ره‌نساوه‌ بڕدرا.

شایانی باسه‌؛ ساڵانه‌ له‌ 14ی ته‌مموزدا فه‌ڕه‌نسییه‌کان یادی ڕۆژی نیشتمانیی وڵاته‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌ "ڕۆژی باستیل" ناسراوه‌ و مێژووه‌که‌ی بۆ ساڵی 1789 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ڕۆژدا فه‌ڕه‌نسییه‌کان هه‌ڵیانکوتایه‌ سه‌ر زیندانی باستیل له‌ پاریس و زیندانییه‌کانیان ئازاد کرد که‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کاته‌ زیندانه‌که‌ی کردبووه‌ سیمبوولی ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دانی نه‌یارانی.

ئازادکردنی زیندانیانی باستیل بووه‌ وه‌چه‌رخانێکی گرنگ و شۆڕشی فه‌ڕه‌نسای به‌دواداهات. به‌و هۆیه‌ش ساڵانه‌ له‌ یادی ئه‌و ڕۆژه‌ نیشتیمانییه‌دا سوپای فه‌ڕه‌نسا گه‌وره‌ترین مانۆڕ و نمایشی سه‌ربازی له‌ شه‌قامی ئیلیزێی شاری پاریس ئه‌نجام ده‌دات.

ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان وه‌رگیراوه‌

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65006

Your Comment

You are replying to: .
captcha