بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تۆپبارانەکەی 20ـی ئەم مانگەی گوندی پەرەخی زاخۆوە گوتی: "دەوڵەتی ئیمارات بە تووندی ئەو هێرشە رەت دەکاتەوە کە ناوچەیەکی گەشتیاریی لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستانی باکووری کۆماری عێراقی دۆستی کردە ئامانج و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی دەرەوە و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، جەخت دەکاتەوە وڵاتی ئێمارات سەرکۆنەی تووندی ئەو جۆرە کارە تاوانکارییانە دەکات و هەموو شێوازەکانی تووندوتیژی کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە رەت دەکاتەوە و دژی بەها و پڕەنسیپە مرۆڤایەتییەکانە".
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هاوسۆزیی و ئامادەیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەموو ئەو رێوشوێنانەی عێراق بۆ پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەیگرێتەبەر، دەربڕیوە و جەختیشی کردووەتەوە، "ئیمارات جەخت لە رژدبوونی لەسەر بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق دەکاتەوە."
Your Comment