بەهاری ئەمساڵ 541 جار لە کرماشان بوومەلەرزە ڕووی داوە

بەشی کرماشان- بەڕێوەبەری تۆڕی بوومەلەرزەزانیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند لە بەهاری ئەمساڵدا 541 جار بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان ڕووی داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەرهاد فرووزی بەڕێوەبەری تۆڕی بوومەلەرزەزانیی پارێزگای کرماشان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کرماشان لە سێ مانگی بەهاردا ڕەقەمێکی پێوانەییی تۆمار کردووە و لەو ماوەیەدا 541 جار بوومەلەرزە لە شارەکانی کرماشان ڕووی داوە.

ناوبراو زیادی کرد هەر لە مانگی خاکەلێوە (نیسان)دا 251 جار و لە مانگی گوڵان (ئایار)دا 164 جار و لە مانگی جۆزەردان (حوزەیران)یشدا 162 حاڵەتی بوومەلەرزە تۆمار کراوە.

بەڕێوەبەری تۆڕی بوومەلەرزەزانیی پارێزگای کرماشان گوتیشی بەهێزترین بوومەلەرزەی وەرزی بەهار ڕۆژی 12ی خاکەلێوە کاتژمێر 2 و 37 خولەکی نیوەڕۆ ڕووی دا کە گوڕی بوومەلەرزەکە 5.2 بەپێی پێوەری ڕیختەر بوو.

شایانی باسە گەورەترین بوومەلەرزەی کرماشان ڕۆژی 21ی گەڵاڕێزانی 1396 بە گوڕی 7.3 بە پێی پێوەری ڕیختەر ڕووی دا کە زیانێکی قورسی گیانی و مادیی لێکەوتەوە و تا ئێستاش هەندێک لە هاووڵاتییانی سەرپێڵزەهاو و ئیسلامئاوا و قەسرشیرین و گێڵانغەرب هەر تۆزی لێقۆماویی ئەو ڕووداوە قورسەیان بە سیماوە ماوە.

News Code 64551

Your Comment

You are replying to: .
captcha